سەرمایەدارەکان ملیارەها دۆلار هەڵئەڕێژنە ناو ژیری دەستکردەوە (ژ.د)، بە ئاسۆی بەرزبوونەوەی ئابووری کە لە ڕێگەیەوە دروست ئەبێت. بە ئەگەری بەهێزکردنی گەشەی ئابووری لە ڕێگای ژیری دەستکردو پەرۆشیی لە دەستبەسەرداگرتنی سامانە نوێکەیان لیکیان بە دەمدا دێتەخوار، بەڵام هیچ چارەسەرێکی تەکنەلۆژی بۆ دژایەتییە بنەڕەتییەکانی نێو سیستمی سەرمایەداری بوونی نییە و بە ناچاری لایەنی وەبەرهێنان بەشێوەیەکی خۆلێلانەدراوانە سەرئێشەیەکی زیاتر بەدوای خۆیدا بەرهەم دێنێت.
بە پێچەوانەی داهێنانە تەکنەلۆژییەکانی ئەم دواییە لە دەوری NFT و دراوە کریپتۆکان (کە لە بنەڕەتدا بێ بەهان بۆ هەر شتێک جگە لە (خەمڵاندن)پێشبینیکردنی سەرمایەگوزاریکردنی پشکەکان نەبێت)، گومانێک لە بەهێزی (ژ.د) دا نییە، کە بۆ زۆرێک لە بەرنامەکان بەکار ئەهێنرێت، لە ناسینەوەی دەموچاوەوە؛ بۆ ڕێگریکردن لە ساختەکارییەوە بگرە تا ئەگاتە ڕێکخستنی زنجیرەکانی دابینکردن. لە داهاتووشدا بە پێدانی کات و لێکۆڵینەوەی پێویست، بەکارهێنانی ئەگەری زۆر سەرنجڕاکێشتر بۆ زیرەکی دەستکرد لە ئارادان.
بەڵام ئانارشی بازاڕ ڕێگری لە تەکنەلۆژیا نوێیەکان ئەکات کە بتوانن بە تەواوی تواناکانیان بگەن. جگە لەوەش سەرمایەداری لە قەیرانێکی قووڵدایە: هەلومەرجەکانی گەشەی ئابووری بوونیان نییە و (ژ.د)یش ناتوانێ بیانخوڵقێنێت. مەیلی باوی ناسەقامگیری بەو مانایەیە کە لە جیاتی ئەوەی خەونە یۆتۆپیاییەکانی گەشەکردن و خۆشگوزەرانی بەدیبهێنێت، (ژ.د) بە ئاراستەی دەوڵەمەندکردنی مشتێکی بچووک لە دەوڵەمەندەکان مل ئەنێت و زیادبەرهەمهێنان توندتر ئەکاتەوە و ئاستی ژیانی زۆرینەش ڕووەو خراپتر پاڵ پێوەئەنێت.
نوێترین سەرشێتییەکان
لەگەڵ ئەوەی ئابووری هێشتا لە دۆخێکی خراپدایە، چینی دەسەڵاتدار دەستی بە هەر هیوایەکی ڕزگاربوونەوە گرتووە. پێشکەوتنە سەرنجڕاکێشەکانی (ژ.د)ی دروستکەر، بەتایبەتی مۆدێلی زمانە گەورەکانی (LLM) وەک (ChatGPT)، لەلایەن هەندێک لە ستراتیژیستەکانی سەرمایەوە وەک وەڵامی دوعاکانیان چاوی لێئەکرێت.
ڕاوێژکاری ستراتیژی و بەڕێوەبردنی فرەنەتەوەیی (McKinsey & Company) خەمڵاندنیان کردووە کە (ژ.د) ئەتوانێت ساڵانە بڕی 4.4 تریلیۆن دۆلار بۆ بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی زیاد بکات: واتە زیاتر لە بەرهەمی ناوخۆیی بەریتانیا لە ساڵی ٢٠٢٣. لە هەمان کاتدا کۆمپانیای گۆڵدمان ساکس(Goldman Sachs) پێشبینی ئەکات کە (ژ.د) بتوانێت گەشەی ٧٪ی لە بەرهەمی ناوخۆیی جیهانیدا (نزیکەی 7 ملیار دۆلار) بەرز بکاتەوە و گەشەی بەرهەمهێنان بە ڕێژەی 1.5 خاڵ لەسەدا لە ماوەی ١٠ ساڵدا بەرز بکاتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە (ژ.د) هێشتا لە قۆناغی ساوابوون (سەرەتایی)دایە،هێشتا ڕوون نییە کە چۆن بە دەرئەنجامی ئەم ژمارە سەرنجڕاکێشانە گەیشتوون.
لەگەڵ ئەوەشدا،(ژ.د) و بە تایبەت لەم چەند مانگەی ڕابردوودا بە بەردەوامیی و چڕی بانگەشەی بۆ ئەکرێت، بە ڕاددەیەک کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مایکرۆسۆفت سوندار پیچای (Sundar Pichai) ساڵی ڕابردوو بە هاوتای دۆزینەوەی ئاگر وێنای کرد! بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە مایکرۆسۆفت گەورەترین وەبەرهێنەرە لە (OpenAI) (کۆمپانیای پشتی ChatGPT)، ڕەنگە سەیر نەبێت کە بۆچی سوندار خۆی وەک پرۆمیثۆس (Prometheus)[خودای ئاگر]ی مۆدێرن نیشان بدات.
هەروەها دەوڵەتان گرنگییەکی زۆر بە (ژ.د) ئەدەن، ئەمریکا بۆ پاراستنی باڵادەستی بازاڕ شەڕی چین ئەکات ؛ و حکومەتی تۆری بەریتانیاش هەوڵئەدات پلاتفۆرمە گەورەکانی بەرهەمهێنان بە ڕێکخستنێکی نەرمتر لە ڕکابەرە ئەوروپییەکان بۆ لای ڕابکێشێت.
سەرەڕای ئەوەش،کۆڕبەندی ئابووری جیهانی ئەمساڵ بەدەست ‘تای(ژ.د)’ەوە گیرۆدە بوو. سام ئاڵتمان بەڕێوەبەری جێبەجێکاری (OpenAI) سەکۆی کۆنفرانسەکەی بەڕێوەبرد، و کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیاش بەسەر باسەکانی داڤۆسدا زاڵبوون، سیمینارەکانیان لە ژێر ناونیشانی "ژ.د : دواهەمین داهێنان" پێشکەش ئەکرد.
هەموو ئەم گرنگیدانە بە وەبەرهێنانی زۆر لەو بوارەدا گەیشتووەتە لوتکە، کۆمپانیاکانی (ژ.د) و کۆمپانیاکانی نزیک لێیەوە ئێستا ٦٠٪ کۆمپانیاکان نوێیە تازەگەشەکردووەکان پێکئەهێنن (واتە ئەو کۆمپانیایانەی کە بەهایان لە یەک ملیار دۆلار سەرترە). لە ساڵی ٢٠٢٣دا کۆمپانیا دەستپێشخەرەکانی پەیوەست بە (ژ.د) ٥٠ ملیار دۆلاریان کۆکردەوە، لە کاتێکدا (OpenAI) وازی لە خۆنمایشکردنی سەرچاوە کراوەکان هێنا، و هاوکارییەکی نەختینەیی ١٠ ملیار دۆلاری لە مایکرۆسۆفت وەرگرت و لقێکی تری بە ئامانجی قازانجکردن کردەوە.
پشکەکانی کۆمپانیاکانی (ژ.د) لە گەشەکردندان، (OpenAI) چاوی لە بڕی بەهای 100 ملیار دۆلار زیاترە ( کە لە ئێستادا بەهاکەی ٨٦ ملیار دۆلارە، کە سێ ئەوەندەی بەهاکەیەتی لەچاو ئاپڕڵی ٢٠٢٣) و سەدان کارگوازیی تر کە پڕن لە سەرمایەی مەترسیدارانە،کە ئەوانیش چاویان لە بەزربوونەوەی بەهاکانیانە. لە ئێستادا بازاڕی (ژ.د) بە گشتی بەهاکەی زیاتر لە ٣٠٠ ملیار دۆلارە (بێهەژمارکردنی کۆمپانیا سەرەکییەکانی دروستکردنی چپ(chip)ەکانی وەک Nvidia). لە یەک نیگادا پێئەچێت کە سامانی (ژ.د) هەرگیز لە کۆتایی نەیەت.
سنووردارییەکانی بازاڕ
بەڵام (ژ.د) لە ئێستاوە خەریکە ئەچێتە سنووردارییەکانی بازاڕەوە. سەرەڕای ئەو جەنجاڵییانە، هیچکام لە کۆمپانیاکانی (ژ.د) کە پێشتر باسمان کردن قازانجیان دەستنەخستووە. لە ڕاستیدا تێچووی زۆری دروستکردن و بەڕێوەبردنی مۆدێلی (ژ.د) بەو مانایەیە کە کۆمپانیاکانی وەک (OpenAI) بڕە پارەیەکی زۆر لەدەست ئەدەن، و پێشبینی ئەوەش لە داهاتوودا ئەکەن کە هێندەی تر لەدەست بدەن، ئەگەر وەبەرهێنان لە مۆدێلی ئاڵۆزتردا بکەن تا لە پێش ڕکابەرەکانیانەوە بمێننەوە.
وەبەرهێنەرە گەورەکان لە بواری (ژ.د) وەک مایکرۆسۆفت و گووگڵ و ئەپڵ سەرمایەگوزاری لە داهێنانی مایکرۆچپەکاندا ئەکەن تا بەسەر ئەم کێشەیەدا زاڵ بن. ئەم هەنگاوەی داهێنان مایکرۆچپ بە تایبەتی سوودی بۆ کۆمپانیای دروستکەری چپەکانی ئەمریکی (Nvidia) گەیاندووە کە قۆرخکارێکی کارایە لە بازاڕی دروستکردنی پێکهاتەکانی پرۆسێسەر(processor components)ی پێویست بۆ (ژ.د). کۆمپانیاکە ساڵی ڕابردوو نرخی پشکەکانی بە ڕێژەی 207% بەرزبووەوە و ئێستا سێیەم بەنرخترین کۆمپانیای ۆڵ ستریتە بەپێی سەرمایەی بازاڕ.
وە سەرمایەدارەکان چۆن ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە پێشکەوتوو (و گرانبەها) بەکارئەهێنن؟ باوترین بەکارهێنانی (ژ.د) لەلایەن بازرگانەکانەوە (بەپێی فۆربێس) گۆڕینی کارمەندانی خزمەتگوزاری فرۆشیارانی مرۆییە بە چاتبۆت (chatbot)ەکان (کە ساڵانێکە بوونیان هەیە)[ و: بریتییە لە سۆفتوێر(نەرمەکاڵا)یەک کە ڕووکارێکی تۆڕی ماڵپەڕەکانە لەڕێگای تەقلیدکردنی گفتوگۆی مرۆڤ بەهۆی دەق یان دەنگەوە]، دواتر دروستکردنی ئیمەیڵی سپام. سەختە بزانین ئەمە چۆن ڕەوایەتی ئەدات بە بەها بەرزە بێئەندازەکانی پشکی (ژ.د)، بە تایبەت لەگەڵ تێچووی پەیوەندیدار بە بەڕێوەبردنی مۆجڵە گەورەکانی زمان ٠Large language models (LLMs)). کە بە وتەی یەکێک لە بەڕێوەبەرێکی جێبەجێکاری سەرسامی ئەو کۆمپانیایانە، دۆخەکە وەک ئەوە وایە فێرارییەک بۆ گەیاندنی پیتزایەک بەکاربهێنیت.
بۆ ئێستا لانیکەم، پێئەچێت (ژ.د) بەهۆی ئەو تایبەتمەندی و وەهمانەی کە هەیەتی نەتوانێت متمانەپێکراو بێت بۆ ئەو بەرنامانەی کە توانای گۆڕینی یارییە ڕاستەقینەکانیان هەیە، بۆ نموونە وەک ئۆتۆمبێلە تەواو سەربەخۆکان. تەنانەت لەو بوارانەی کە (ژ.د) بە خێرایی پێشئەکەوێت وەک کۆدنوسین و وەرگێڕان، هێشتا هەڵە ئەکات و پێویستی بە چاودێری مرۆڤ هەیە، و لەمڕووەوە وەبەرهێنەران نائومێد ئەکات بەو بەڵێنە سوپەرهیومانانەی(سەروومرۆییانەی) کە دەربارەی ‘ژیری گشتی دەستکرد’ (AGI) بانگەشەیان بۆ ئەکرێت. لە کاتێکدا ئەم بابەتە بۆ چاپ ڕەوانە ئەکرا، چات جی.پی.تی (ChatGPT ) بە شێوەیەکی خراپ مل ئەنێت، بە زمانی ‘سپانگلیش (Spanglish)’ (واتە ئینگلیزییەکی تێکشکاو و تێکەڵ بە زمانی ئیسپانی) قسە ئەکات و هەڕەشە لە بەکارهێنەران ئەکات.
هێشتا هەروەک چۆن لە هەموو بڵقێکی خەمڵاندندا هەیە، کە ئەکرێت پارەیەکی خێراو زۆر لە وەبەرهێنەرە سادەکان قازانج بکرێت، ژمارەیەک فێڵبازی زۆر هەن کە هیچ شتێکی بەنرخ بەرهەم ناهێنن.
لەگەڵ ئەوەی کە سەرمایەداری بەهۆی زیادە بەرهەمهێنانەوە وێران بووە، دەرفەتی سنووردار بۆ وەبەرهێنانی قازانج لە ئابووری ڕاستەقینەدا هەیە، بۆیە سەرمایەدارەکان مەیلیان بۆ قومارکردن لەسەر داهێنانی کورتماوە هەیە تا خۆیان دەوڵەمەندتر بکەن. پیشەسازی تەکنەلۆژیا لە کاتی پەتاکەدا جێگەی قسە و باس بوو، تەنها بازاڕی دراوی کریپتۆ لە ساڵی ٢٠٢١دا شەش هێندە بەرزبووەوە بۆ سێ ملیار دۆلار، کە بەهۆی قەرزی هەرزان و پارەی هاندانەوە کار ئەکات، کە هەردووکیان لە وشکبووندان لەکاتێکدا حکومەتەکان هەوڵئەدەن کۆنترۆڵی هەڵئاوسان و دەوڵەت بکەن. لەگەڵ مردن و نێژرانی سەرشێتییەکانی کریپتۆ/NFT دا ، قازانجخوازەکانی بواری تەکنەلۆژیا ( کە هیچ فێر نەبوون) بە دوای باندواگن(عەرەبانە)ێکی نوێدا وێڵن تا هەڵپەی بازدانی بۆ بکەن. هەروەک ئەوەی (CNBC) ڕاپۆرتی دا، بێئاماژەکردن بە گاڵتەجاڕیی، (ژ.د) "وەک منداڵێکی نایابی بلۆکەکە لە داڤۆس پاڵ بە کریپتۆوە بەرەو حاشیەبوون ئەنێت.
لێکۆڵینەوەیەک لە ساڵی ٢٠١٩ لەسەر ٢٨٣٠ کۆمپانیای دەستپێشخەر لە ئەوروپا کە وەک کۆمپانیای (ژ.د) پۆلێنکراون، دەرکەوت کە ٤٠٪یان "(ژ.د) بە شێوەیەکی ماددی بەکارناهێنن"، بەڵکو تەنها وەک وشەیەکی قەبەو زل بۆ دەستەبەرکردنی بودجە. هەندێکی تریشیان ئەو کۆمپانیایانە کە پێیان ئەوترێت ‘پێچەرە تەنکەکان (Thin Wrapper)’ [و: بریتییە لە سۆفتوێرێک کە کەمترین چینی کۆد یان ڕووکار بەکارئەهێنێت بۆ پەیوەندکردن لە نێوان دوو سیستمدا] کە بە سادەیی ڕووکارێکی نوێ لەسەر پلاتفۆرمە نوێیەکانی وەک ChatGPT نیشان ئەدات: وەک دانانی شەرابێکی کۆنە لە شووشەیەکی نوێدا. سەرجەم ئەم کۆمپانیایانە و وەبەرهێنەرەکانیان کاتێک شەپۆلەکانی زەریاکە دائەچن، ئاشکرا ئەبن.
نەبوونی متمانە و تێچووی زیاتری کارکردن بەشدارییان لە داڕمانی چیرۆکە سەرەتاییەکانی سەرکەوتنی (ژ.د)دا کردووە. بۆ نموونە کۆمپانیای (Olive AI) لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢٣ یەک ملیار و نیو دۆلاری کۆکردەوە بە پلاتفۆرمێک کە بۆ بەڕێوەبردن و شیکردنەوەی تۆماری نەخۆشەکان لە کەرتی تەندروستی تایبەتدا داڕێژرابوو. بەڵام سەلماندی کە تێچووی زۆر گرانە و کەم متمانەپێکراویشە، لە ئەنجامدا زیانێکی گەورەی لێکەوتەوە. لەگەڵ ئەوەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی سلیکۆن ڤالی قۆرخی بازاڕ ئەکەن ، کۆمپانیا بچووکەکانی دەستپێشخەر دەستیان بە توانەوە ئەکەن: کە ملیارەها دۆلاری وەبەرهێنەرەکانیان لەگەڵ خۆیاندا ئەبەن. ئەمە پێشبینی ڕووداوەکانی داهاتوون.
پاشان ئەو مەترسییە پەرەسەندووانەش هەن کە بەهۆی ڕێکخستن و ڕێکارە یاساییەکانی حکومەتەکانەوە دروست ئەبن. یەکێتی ئەوروپا یەکەم ‘یاسای ڕێکخستنی (ژ.د)’ی جیهانی پەسەند کرد، کە هەندێک لە بەرنامەکانی ‘مەترسی باڵا’ قەدەغە ئەکات و سنوورداریش بۆ هەندێکی تریان دائەنێت، ئەمەش وەبەرهێنەران تووشی ترس و دڵەڕاوکێ ئەکات ئەگەر حکومەتەکانی تریش هەمان ڕێکار ڕابگەیەنن. لە هەمان کاتدا،لە ئێستادا، دۆسیەیەکی سەرنجڕاکێشی دزیکردنیش لە ئارادایە، کە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز داوای ملیارەها قەرەبووکردنەوەی زیان لە (OpenAI) ئەکات چونکە ڕاهێنان بە مۆجڵەکانی (ChatGPT) لەسەر بابەتەکانی نێو ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە ملیۆنەها خوێنەر ئەکات، کە ئێستادا ئەتوانێ لە فۆرمێکی سەختی گۆڕاودا بیگێڕێتەوە. لە کاتێکدا کە ئەگەری سازان زۆر زیاترە لە پێشینەی یاسایی، بڕینی دەستڕاگەیشتنی بێبەرامبەری ChatGPT بۆ داتاکانی ڕاهێنان ئەبێتە هۆی کۆسپ خستنە بەردەم چاتبۆتەکان، و تەواوی دیمەنی (ژ.د)یش ئەهەژێنێت.
دەنگدانەوەکانی دۆت-کۆم
(ژ.د) بۆ مانەوەی لێرەدا، بە ڕێگەیەک یان بەوی تر، ڕاستکردنەوەیەکی ئازاربەخشانەی لە پێشە. ستراتیژناسەکانی سەرمایە بەراوردێکیان لەگەڵ سەرهەڵدانی بڵقی دۆتکۆم (Dot-Com )لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠دا کردووە. وەک بزنس ئینسایدەر ئەنووسێت:
" بازاڕی بۆرسەکان لەو کاتەوەی لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوووە ڕووی لە لێژیی کردووە، ئاهەنگ ئەگێڕێ–بە زۆری پشکەکانی تەکنەلۆژیا بوون کە پەرەیان سەندووە و پێشەنگایەتی ئەکەن. پێشتر ئەمە ڕوویداوە: بازاڕەکان لە کۆتاییەکانی نەوەدەکاندا سواری شەپۆلێکی بانگەشەی سەرهەڵدانی ئینتەرنێت بوون، بەڵام کە بڵقەکە تەقی هەرەسیان هێنا”.
کاتێک ئەمە ڕوویدا، سەدان کۆمپانیا ڕووخان و داکەوتن، و بڕی پێنج تریلیۆن دۆلاریش بە هەواداچوون. بەڵام ئەو کۆمپانیایانەی کە لە مەیدانەکە مانەوە، وەک گووگڵ و ئەمازۆن، ڕکابەرییەکەیان بردەوە و پۆستە باڵادەستەکان بەدەستهێنا. لەم دواییانەدا، کۆمپانیای JPMorgan زەنگی ئاگادارکردنەوەیەکی لەبارەی سەرهەڵدانی بڵقی (ژ.د) لێدا، و دۆخی ئێستای بە شێوەیەکی مەترسیدانە بە هاوشێوەی دۆخی سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ ناوبرد.
لە کۆتاییدا بەو دەرئەنجامە ئەگەن: "لەکاتێکدا ئێمە دوودڵ ئەبین لە ئاماژەی ئاستەنگییەکانی ئێستای ١٠ هەرە باشترینەکان(باڵاترین کۆمپانیاکان)وەک سەرهەڵدانی بڵقێک، بە دڵنیاییەوە وا دەرئەکەوێ کە ١٠ باڵاترینی کۆپانیاکان لە سەردەمی دۆتکۆمدا بەهۆی پێشکەوتنی داهاتی سەرووترەوە پشتگیریکراوتر بوون ". بە سادەیی، ئەمە بەو مانایەیە کە ١٠ کۆمپانیا باڵاکانی بۆرسە لە سەنگی ڕاستەقینەی خۆیان بەهایان زیاترە، و گەڕانەوەی (سەرمایەی) کەمتر پێشکەش بە وەبەرهێنەرەکانیان ئەکەن، لە چاو هاوتاکانیان کە ٢٤ ساڵ لەمەوبەر بەدەستیان ئەخست.
بڵقەکان تەنها بە شەڕ و پێکدادانی خەمڵاندن لەسەر کاڵا بێبەهاکانی وەک NFT سنووردار نابنەوە. لە ڕاستیدا ئەوانە بەشێکن لە سروشتی ئەنارشیستی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی. هەمیشە پەلەقاژەیەکی بێکۆنتڕۆڵی وەبەرهێنان لە هەموو بازاڕێکی نوێی بەڵێندەرایەتیدا هەیە، کە لەگەڵیدا وەهمێک لە پەیداکردنی سەرمایەی خەیاڵیی لە سەرووی شەپۆلە ڕاستەقینەکانی ئابووریدا ئەسوڕێتەوە. پشک و زەمانەت و هەڵهێنجراوەکانی تر دەست بەگۆڕان ئەکەن لە کاتێکدا ئەو خەڵکانەی کە خەمڵاندنی زیادبوونی سەرمایەی زیاتر ئەکەن، هەوڵئەدەن داهاتێکی گەورەتر بەدەستبهێنن، بەو هیوایەی کە وەک ‘گەمژە گەورەکان’ نەبن کە دەست بەم سەروەت و سامانانەیانەوە بگرن کاتێک کە بازاڕ تێر ئەبێت، و سەرمایە ئەکشێتەوە و بڵقەکەش بە هەوادا ئەچێت.
چەند سەرمایەدارێک (یان لە ڕێگەی بەختەوە، یان بەڕاستی کە بەرهەمی بەسوود پێشکەش ئەکەن، یان هەندێک پێوەر لەو دووانە) بە قازانجی گەورەوە ئەڕۆن، لە کاتێکدا زۆرینەیان لەسەر تاشەبەردەکان ئەکەونە خوارەوە. هەمان شتمان بینی، نەک تەنها لەگەڵ سەرهەڵدانی بڵقی دۆتکۆم بەڵکو لەگەڵ شەیداییەکانی هێڵی ئاسنی ساڵانی ١٨٤٠دا. وەک مارکس لە بەرگی سێیەمی کاپیتاڵدا باسی کردووە، وەبەرهێنانی زۆر بەهای پشکەکانی هێڵی ئاسنی بە شێوەیەکی بەرفراوان هەڵئاوساند، دەیان کۆمپانیای بچووکی سڕییەوە (زۆرێکیان تەنانەت یەک پارچە ڕێڕەویشیان دانەنا) کاتێک نرخی پشکەکان داڕما،و لەگەڵ نیشتنەوەی تەپوتۆزەکاندا مەیدانەکەیان بۆ چەند کۆمپانیای باڵادەست بەجێهێشت.
بە دڵنیاییەوە بەهۆی (ژ.د)ەوە چەند کۆمپانیا سەرکەتوو ئەبن،و بە ئەگەرێکی زۆرەوە، ئەمانە کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیای ئێستا ئەبن، کە سوودمەندن لە سەرمایە و شارەزایی و سەرچاوەکان بۆ بنیاتنانەوە و بەڕێوەبردنی ئەو تەکنەلۆژیا ئاڵۆزە و لە ئەستۆگرتنی تێچووە زۆرەکانی پشت (ژ.د). ئەو کۆمپانیایانەی کە پێیان ئەوترێت 'حەوت شکۆمەندەکان' (مێتا، مایکرۆسۆفت، ئێنڤیدیا، ئەپڵ، ئەلفابێت، ئەمازۆن و تێسلا) کە لە ئێستاوە گەیشتوونەتە خاڵی باڵادەستی ڕەها لە بواری (ژ.د)، و سەرکەوتوو ئەبن لە دوورخستنەوە یان هەڵڵوشینی ڕکابەرە بچووکەکان، کە نزیکەی نیوەی ئەو قازانجانەیە کە (S&P 500) لە مانگی فێبریوەریدا دەستی خستوون.
ئەنجامی گشتیی پەلەقاژەکان ڕووەو کانە زێڕەکانی (ژ.د) بە هەمان شێوەی بڵقەکانی تر، چڕبوونەوەی زیاتری سەرمایە و زاڵبوونی زیاتری قۆرخکارییە گەورەکان ئەبێت بەسەر ئابووری و ژیانماندا.
بەڵام جیاوازییەکی گەورە لەگەڵ ساڵانی ٢٠٠٠دا هەی،ە کە قۆناغێکی بووژانەوەی ڕێژەیی(نسبی) هەبوو. سەرمایەداری ئەمڕۆ لە دۆخێکی قەیرانی ئۆرگانیدایە و ئابووری جیهانیش لە لێواری پاشەکشەدایە – بڵقی تەقینەوەی (ژ.د) ئەتوانێت بیهێنێتە سەر خاڵی سەرەمەرگ. ڕەنگە مشتێکی کەم لە سەرمایەدارەکان لە پێگەیەکی بەهێزدا دەربچن، بەڵام ئەنجامەکەی بۆ سیستەمەکە بە گشتی پشێویی و ناسەقامگیریی زیاتر ئەبێت.
مەتەڵی بەرهەمهێنان
لەگەڵ ئەمانەشدا بەشێک لە چینی دەسەڵاتدار هیواخوازن کە (ژ.د) یارمەتیدەر بێت لە ڕێگریکردن لە ڕکود(پاشەکشە) لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانەوە، بەم شێوەیەش هاندانی گەشەکردن. تێبینی ئەکەین کە لە دەیەی یەکەمی ٢٠٠٠دا سەرمایەدارەکان شانازییان بە "پارادایمێکی نوێ"ەوە ئەکرد، کە گوایە کۆمپانیا دیجیتاڵییەکان بۆ یەکەمین جار لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، گەشەی ئابووری خێرا و دامەزراندنی تەواوەتییان لێئەکەوێتەوە. بەڵام هیچکامیان نەهاتنە دی.
وە لە مێژە بەڵێنمان پێدراوە کە ئۆتۆماتیزەکردن گەشەیەکی بێئەندازەی بەرهەمهێنان دروست بکات. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٢ەوە سەرەڕای ئەو هەموو وەبەرهێنانە لە ئۆتۆماتیزەکردندا، گەشەی بەرهەمهێنان لە کاتژمێرێکدا لە ئاستی جیهانیدا بە تێکڕا تەنها 0.3٪ بووە لە ساڵەکەدا، بە بەراورد لەگەڵ دەیەی پێشوو کە 2.3٪ بووە. ئەم پارادۆکسی بەرهەمهێنانە، تەواوی پاساوە مێژووییەکان بۆ سەرمایەداری ئەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ئەم دژایەتییە ئەتوانرێت بە شێوازی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە چوارچێوەکانی سیستەمی قازانجدا ڕوون بکرێتەوە. ئامێرەکان بەها دروست ناکەن: تەنها کاری مرۆڤ بەها دروست ئەکات. سەرمایەدارەکان وەبەرهێنان لە ئامێرەکاندا ئەکەن تا هێزی بەرهەمهێنانی زیاتر بخەنە بەردەم مەچەکی کرێکارەکانیانەوە، ئەمەش ڕێگە بە کەمیان ئەدات تا بەرهەمدارتر بن، لە ڕێگای ئەرکە کەم لێهاتووییەکانەوە ، لێشاوێک کاڵا ئەخەنە بازاڕەکانەوە.
بەڵام بەم کارەیان، سەرمایەداراران لەڕێگای بڕینی هێزی خەرجیی چینی کرێکارەوە هەمان بازاڕەکان لەناو ئەبەن. گۆڵدمان ساکس ئەوەی راگەیاند کە (ژ.د) ئەتوانێت ببێتە هۆی "لەدەستدان یان تێکچوونی ٣٠٠ ملیۆن هەلی کار" لە ماوەیەکی یەکجار کورتدا.
سەرمایەدارەکان بە توندکردنەوەی زیادبەرهەمهێنان (overproduction)ەوە، ئەو لقەیان بینی کە لەسەری دانیشتوون، واتە قازانجەکان جێگیر ئەبن و دواتر خودی وەبەرهێنان خۆی وشک ئەبێت. لە هەندێک حاڵەتدا، گەڕانەوە بۆ دواوە قازانجێکی زیاتری هەیە – گۆڕینی ئامێرە گرانبەهاکان بە هێزی کاری هەرزان و زۆر چەوسێنەرانە. بۆ نموونە ژمارەی شۆردنی ئۆتۆمبێل بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لە بەریتانیا لە ٢٠ ساڵ لەمەوبەرەوە لە ٩ هەزار کەسەوە بۆ ٤٢٠٠ کەس لەمڕۆدا دابەزیوە، چونکە تێچووەکەی هەرزانترە کە پارە بە کۆچبەرانێک بدرێت کە لە خوار ئاستی کەمترین مووچەوە کار ئەکەن، تا ئوتومبیلەکان بەدەست بشۆن. لێرەدا دەرئەنجامی ‘داهێنان’ی سەرمایەداری ئەبینین!
خاڵی سەرەکی ئەوەیە، لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە، تەواوی ڕێڕەوی سەرمایەداری لە لێژبوونەوەدایە. تەکنەلۆژیا نوێیەکان ناتوانن ئەم ڕێگایە دوور بخەنەوە، و لەجیاتی ئەمە مەیلیان ڕووەو خراپترکردنی دژایەتییە بنەڕەتییەکانی سیستەمەکە ئەبێت، کە بەدەستییەوە ئەناڵێنن. بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای زیادەتوانا(overcapacity) لە بازاڕی جیهانیدا (بە واتایەکی تر قەیرانی زیادەبەرهەمهێنان)، تەنانەت وەبەرهێنانی ڕاستەقینە لە (ژ.د) لەپێناو بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان (بە پێچەوانەی گریمانەو خەمڵاندنە تەواوەکان)، بە سادەیی ئەم قەیرانە خراپترترو ئاڵۆزتر ئەکات.
هەروەها لایەنێکی تریش لەم بابەتەدا هەیە. ئەو سیستەمە ناتوانێت بە شێوەیەکی بەرهەمدار ئەو ملیۆنەها کرێکارە دابمەزرێنێت کە بەهۆی ئەم تەکنەلۆژیا نوێیەوە مەترسییان لەسەرە. کریستالینا جۆرجیڤا بەڕێوەبەری بەڕێوەبردنی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بە هەستکردن بەم مەترسییە، داوای لە سیاسەتمەداران کرد کە "چارەسەری ئەو ڕێڕەوە جێمەترسیدارانە بکەن، تا ڕێگری لە تەکنەلۆژیاکە لە زیاتر قوڵکردنەوەو وروژاندنی گرژییە کۆمەڵایەتییەکان بکەن".
لە کاتێکدا سەرمایەدارەکان ڕاست ئەکەن کە ململانێی چینایەتی گەورە لە بەرنامەی کاردایە(لەپێشدایە)، بەڵام پێئەچێت (ژ.د) فاکتەری لاوەکی و خراپترکەر بێت. تا ئێستا توێژێکی تاڕادەیەک کەم لە هێزی کاری (یەخە سپییەکان) [و: ئەوانەی لە ئۆفیسەکاندا کارئەکەن] بەهۆی (ژ.د)ەوە کارەکانیان لەدەستداوە، لەگەڵ ئەگەریی لە دەستدانی کاری زیاتر لە ماوەی داهاتوودا.
دەستبەجێترین کاریگەری (ژ.د)، وەک لە ئۆتۆماتیزەکردندا بینیمان، پێئەچێت لەسەر ‘بێلێهاتوویی’کردنی ئەو توێژانەی پرۆلیتاریا و چینی ناوەڕاست بێت کە پێشتر تاڕاددەیەک لە پێگەیەکی باشتردا بوون لە چاو ئەوانی تر. ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ مانگرتنەکانی ساڵی ڕابردوو لە هۆلیوود، بۆ نموونە. (OpenAI) تازە دەستی بە ڕیکلامکردن بۆ پلاتفۆرمە نوێیەکەی بەناوی سۆرە (Sora) کردووە، کە بانگەشەی ئەوە ئەکات کە لە توانایدایە چەند بڕگەی ڤیدیۆیی لە ڕێگای دەقەوە دروست بکات. هونەرمەندان، ئەکتەران، کۆدنووسان، وەرگێڕەکان و هاوشێوەکانیان ڕووبەڕووی ئاسۆی بینینی ساڵانێک لە ڕاهێنان ئەبنەوە تا ئەگەنە ئاستی ‘چاودێر’ بەسەر (ژ.د)ی درووستکەرەوە.
ئامرازە سەرسوڕهێنەرەکانی وەک (ژ.د) لە دەستی سەرمایەدارەکاندا لەجیاتی ئەوەی کرێکاران ئازاد بکەن، ئەبنە جێگا هەڕەشەی زیادکردنی زەحمەتکێشیی بۆ ژیانیان. نەک هەر ئەوە، بەڵکو زیاتر بۆ چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی کرێکاران لە شوێنکارەکان بەکارئەهێنرێن. لە هەندێک شوێنی کاردا، (لەوانەش کۆگاکانی ئەمازۆن) بەکرێگرتن و دەرکردن لە ئێستاوە لەلایەن ئامێرە بێهەستەکانەوە مامەڵەی لەگەڵدا ئەکرێت – کە لە داهاتوودا ئەرکی زیاتریشیان پێئەسپێردرێت. جگە لەوەش، ڕۆشنبیریی لەناو قوڕولیتەی سەرلێشێواوانەی دەق و وێنەی دروستکراوی (ژ.د)دا ئەخنکێت. و دەوڵەتیش خۆی بە ناسینەوەی دەموچاو و دەنگی بەهێزکراوی (ژ.د)ەوە چەکدار ئەکات تا بە شێوەیەکی کاریگەرتر سەرکوتمان بکات.
فێربوونی ئامێریی و (ژ.د) بەڕاستی ئامرازێکی بەهێزن. بەڵام لەجیاتی ئەوەی بوونی ئێمە باشتر بکات، ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ دەوڵەمەندکردنی مشتێکی بچووک بەکارئەهێنرێت، لە هەمان کاتدا دۆخی ژیانی ڕۆژانەی ملیارەها خەڵک خراپتر ئەکات، و پاڵ بە سیستەمەکەوە بۆ نێو کایەکانی خەمڵاندن و ڕکود ئەنێت. پێویست ناکات پرسەکە بەم شێوەیە بێت. هێزە بەرهەمهێنەرەکان لەو سیستمە یاخی ئەبن کە ناتوانێت بە شێوەیەکی عەقڵانی کەڵکیان پێبگەیەنێت.
لە سایەی کۆمۆنیزمدا، ئەتوانرێت (ژ.د) بە شێوەیەکی بێ کێشە لە ئابوورییەکی پلان بۆ داڕێژراوانەدا بە ئامانجی نەهێشتنی ئەرکە سەخت و مەترسیدارەکان بەکاربهێنرێت. و گومان نییە بە ڕزگاربوونی لە کۆتوبەندەکانی خاوەندارێتی تایبەت ، بەڕاستی ئەتوانێت بەرهەمهێنان بۆ ئاستێکی سەرسوڕهێنەرانە بەرز بکاتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکێک بە کرێ و بارودۆخی چینی کرێکار بگەیەنێت. کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستی کە بەهۆی پێداویستی دڵخۆشکردنی ژمارەیەک لە خاوەن پشکەکان گیری نەخواردبێت، ئەتوانێت دیدێکی ڕوون و درێژماوەی بەرەو پەرەپێدانی توانا ڕاستەقینەکانی (ژ.د) هەبێت، وەک وەبەرهێنانێکی شایستە لەپێناو باشترکردنی ژیانی مرۆڤایەتی، نەک ئەم تەکنەلۆژیایە سەرنجڕاکێشە سنووردار بکات بۆ بەهێزکردنی ڕاوێژکارانی چاودێری کڕیارانی ڕۆبۆت و هێنانەدەری نوسخەیەکی بازاڕکردنی ئاست-نزم.
ڕەنگە ڕۆژێک ژیری دەستکرد و ئۆتۆماتیزەکردن مرۆڤایەتی لە کار ڕزگار بکات وەک ئەوەی ئێمە ئەیزانین. بەڵام هیچکام لەمانە لە ژێر سیستەمی ئێستادا ئیمکانیان نییە. تەنیا کاتێک نەبێت کە تەواوی ئەم تەکنەلۆژیایە لە سەرمایەداری ڕزگاری بێ، و بخرێتە خزمەت تەواوی کۆمەڵگاوە.
سەرچاوە : لە بەرگری مارکسیزمدا