زۆربەی ژنانی جیهان هەتا ئێستاش لە دەستڕاگەیشتنیان بە یەکسانی یەکجار دوورن، چ جای بگات بە ڕزگارییان. جیاوازی مووچەی نێوان ژن و پیاو پرس و دیاردەیەکی نایەکسانییە، بەڵام خودی نایەکسانی و چەوساندنەوەی ژنان زۆر لەوە زیاترن. هەر لە ترسی جێهێشتنی خواردنەوەکانمانەوە بگرە بەبێ چاودێریکردنی بەردەوام، کاتێک لە چوونە دەرەوەیەکی شەوانەداین؛ تا دڵەڕاوکێی گەڕانەوەمان بەرەو ماڵ بە تەنها،و ناچاریی بەرگەگرتنی تەماشاکردنی سێکسییانە و توانجی بەردەوامی سەرشەقامەکان؛ تا ئەگاتە ئەنجامدانی زۆربەی کارەکانی نێو ماڵ؛ و گوێپێنەدان و بەجدی وەرنەگرتنی 'نەخۆشییەکانی ژنان' لە لایەن پزیشکان، و بەگشتی مامەڵەکردنی ژنان وەک شتێکی کەم بەها، و بەم شێویە لیستی نایەکسانی و چەوساندنەوەکان بەردەوامن.
نایەکسانی و چەوساندنەوە ئەوەندە لە پێکهاتەکانی کۆمەڵگادا چەسپاون کە تەواوی ژیانی ژن ئەگرێتەوە، بەبێ گوێدانە ئەوەی لە کوێی جیهاندا بژی. ژنان لە سایەی سەرمایەداریدا پێناسێکی شەرمهێنەرانە وەرئەگرن، کە بە درێژایی هەزاران ساڵ لە کۆمەڵگەی چینایەتییەکانەوە بۆ ئەوی تر گوێزراوەتەوە.
ئەو چارەسەرییانەی کە گوایە لەلایەن سیاسەتمەداران و لوتکەی کۆمەڵگاوە پێشکەشمان ئەکرێن، جگە لە ڕازیکردنمان پێیان هیچی تر نین. ئەوان لێوان لێون لە ڕوانگەی تاکگەراییانە کە خەباتی چینایەتی و گۆڕینی سیستەم ڕەتئەکەنەوە، بە قازانج و بەرژەوەندی بەرەوپێشبردنی ئایدۆلۆژیای خاوەنکاری ژن، کە تیایدا سێکسیزم و چەوساندنەوە وەک چەند شتێک چاویان لێئەکرێت کە تاکەکان لە چوارچێوەی سیستمی سەرمایەداریدا ئەتوانن بەسەریاندا زاڵ بن.
بەڵام سەرجەم ئەو دەستکەوت و پێشڕەوییە مەزنانەی کە لە ڕێڕەوی خەباتی ڕزگاری ژناندا بەدەستهاتوون، له ڕێگای خەباتی تاکەکەسیی یان ڕۆشنگەریی سەربەخۆ لە بەرامبەر شەڕانگێزییەکانی سیستمەکەوە، نەبوون. بەڵکو سەرجەمیان لە ڕێگای خەباتی بەکۆمەڵ و شۆڕشگێڕییەوە بۆ ئاڵۆگۆڕیی ڕیشەییانەی کۆمەڵگا بەدەستهاتوون.
هەربۆیە ئەستەمە ناوی کەسێکی تر جگە لە لینین بهێنین کە کاریگەری بەهێزیان لەسەر خەباتی ڕزگاری ژنان هەبووبێت. پێئەچێت ئەم قسەیەمان ببێتە جێگای بەزربوونەوەی ناڕەزایەتی ژمارەیەک لە فێمینیستەکان. ئایا “پیاوێکی سپی پێستی مردووی ڕووسی” دەربارەی خەباتی ئەمڕۆی ڕزگاری ژنان چی بڵێت؟ بەڵام شۆڕشی ڕووسیا بە سەرکردایەتی لینین نیشانیدا کە ئەکرێت ئێمە لەو سیستەمە سەرمایەدارییەی کە لە سایەیدا ئەژین، ڕزگارمان بێت، و دەست بە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دوور لە نایەکسانی و چەوساندنەوە بکەین. لەو کاتانەدا ڕزگاری ڕاستەقینەی ژنان خرایە بەرنامەی کارەوە. بەڵام ئەوە تەنیا بابەتێک نەبوو کە بۆ خەباتی تاکگەرایی بەجێبهێڵرێت، بەڵکو بەشێک بوو لە خەباتێکی بەکۆمەڵی سەرجەم توێژە چەوساوەکانی کۆمەڵگا. ڕووسیا پێش ساڵی ١٩١٧ کۆمەڵگایەکی لێوانڕێژی کولتوورێکی پیاوسالارانەی لە ڕادەبەدەر ستەمکارانە بوو. پاشان شۆڕشی ئۆکتۆبەر هات و وەک بوومەلەرزەیەک بناغەکانی ئەو کولتوورەی هەژاند. لە یەک کاتدا هەموو ئەو یاسایانەی کە ژنانیان لە پێگەیەکی نزمتر لەچاو پیاوان دائەنا هەڵوەشێنرانەوە، و هاوڕەگەزبازیی چیتر بە تاوان نەناسێنرا، و ئەم هەنگاوانەش تەنها سەرەتایەک بوون.
سروشتییە کە یادی سەد ساڵەی مەرگی لینین بە هەڵمەتێکی چەواشەکارانە لە لایەن ڕۆژنامە سەرمایەدارەکانەوە دەستپێبکات. بەڵام لینین و ڕۆڵی ئەو لەلایەن زۆرێک لەو فێمینیستانەشەوە کە لەسەر کاغەز بانگەشەی پێشکەوتنخوازیی ئەکەن، ئەسڕدرێتەوە. ئەوان لینین و مارکس و ئەنگڵس بە چەند 'پیرە پیاوێکی سپی پێست' ناولێدێنن. ئەوانەی کە هەوڵی خۆبازدانە نێو ئەم باندواگۆنە(عەرەبانە)ئەدەن، لە ڕاستیدا لەباری سیاسییەوە خزمەت بە چینی دەسەڵاتدار ئەکەن. ئەوان دژایەتی ئەو بیرۆکە شۆڕشگێڕییە ئەکەن کە ئەڵێت نەهێشتنی چەوساندنەوەی ژنان لە پێداویستی لەناوبردن و کۆتاییهێنان بە سیستمی چینایەتیدایە، ئەم جۆرە ڕوانگەیە تەنها خزمەت بە دەوڵەمەندەکان ئەکات،واتە ئەوانەی کە دەسەڵات و ئیمتیازاتەکانیان بەو ستەم و نایەکسانییەوە کە پێکهاتەی سیستمی سەرمایەدارین، بەندن.
خەباتی ژنان و شۆڕش
تەواوی خەباتی سیاسی لینین ڕووەو یەک ئامانج بوو: ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگای چینایەتی و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی تەواو نوێ، بەدەر لە نایەکسانی و چەوساندنەوە: کۆمەڵگایەکی کۆمۆنیستیی. هۆکاری ئەوەی کە چینی سەرمایەداری ئەوپەڕی ڕق و کینەی بێکۆتای بەرامبەر بەم مرۆڤە هەیە، ئەوەیە کە لینین تاکە شۆڕشی جێکەوتووی کرێکاریی لە مێژووی جیهاندا سەرکردایەتی کرد: شۆڕشێک کە چینی کرێکار دەسەڵاتی تێدا گرتەدەست، و نیشانی دا کە ئەکرێت کۆمەڵگا بە پێی پێداویستییەکان خەڵک نەک قازانج ڕێکبخرێتەوە.
شۆڕشی ڕووسیا لە ڕزگارکردنی ژنان لە کۆیلایەتی کۆمەڵگای چینایەتی، لە هەر ڕووداوێکی تری مێژووی مرۆڤایەتی واوەتر ڕۆیشت. بەلشەفییەکان هەنگاوی مەزنیان ڕووەو ڕزگاری ڕاستەقینەی ژنان نا، و شەپۆلێکی شۆکیان بە جیهاندا بڵاوکردەوە، پایەی سەرجەم ئەوانەی لە دەسەڵاتدا بوون لە ڕیشەوە هەژاند، و بووە ئیلهامبەخشێکی بێئەندازەی ژنانی کرێکار (و پیاوان) لەسەر ئاستی جیهان. بۆیە هیچ بەڕێکەوت نییە کە ژنان لە زۆر جێگای جیهان مافی دەنگدانیان (لەگەڵ زۆرێک لە مافەکانی تر) لە ساڵانی ڕاستەوخۆی دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەردا دەستخست.
شۆڕشی ڕووسیا وەک گرنگترین بەشداریکەر لە بەرەنگاربوونەوەی چەوساندنەوەی ژنان لە مێژووی جیهاندا ئەمێنێتەوە. دوای زیاتر لە ١٠٠ ساڵ، ئەو ڕیکارانەی کە لینین و باقی پارتی بەلشەفیک دوای شۆڕش گرتیانەبەر، تا ئێستاش وەک پێشکەوتنخوازترین ڕێکار لە مێژووی جیهاندا ئەمێنێتەوە.
بەلشەفییەکان هەموو ئەو یاسایانەیان هەڵوەشاندەوە(لابرد) کە نایەکسانی لە نێوان ڕەگەزەکاندا جێبەجێ ئەکرد. ژنان مافی لەباربردن و جیابوونەوەیان پێدرا، و جیاوازییەکانی نێوان منداڵانی لەدایکبووی هاوسەرگیریی یان دەرەوەی هاوسەرگیریی هەڵوەشانەوە. بە بەراوردکردنێك لەگەڵ ئەمانەدا، مافی جیابوونەوە لە دانیمارک تەنها لە ساڵی ١٩٢٥دا بەدەستهات،و مافی لەباربردنی منداڵیش لە ساڵی ١٩٧٣! منداڵانی خوێندنگاکانی دانیمارک فێر ئەکرێن کە نینا بانگ(Nina Bang)[ سۆسیال دیموکرات] یەکەم وەزیری ژن بووە لە جیهاندا. بەڵام تا ساڵی ١٩٢٤ نینا نەبووە وەزیر، واتە دوای حەوت ساڵ لە دانانی ئەلێکساندرا کۆلۆنتای(Alexandra Kollontai) وەک کۆمیساری گەل (واتە وەزیر) لە یەکێتی سۆڤیەت.
یەکێک لە یەکەم فەرمانەکانی ئەلێکساندرا کۆلۆنتای باسی لە مافی دایکایەتیی(کاتی منداڵبوون) ئەکرد، و لەنێو شتەگەلێکی تردا، ١٦ هەفتەی مۆڵەتی دایکایەتیی (بە تەواوی مووچەوە) ناساند، هەروەها هەفتەی کارکردنی ژنانی شیردەریی تەنها بۆ چوار ڕۆژ کارکردن لە هەفتەدا سنووردار کرد. لێرەدا ئەبێت ئەوە لە یاد نەکەین کە لەو سەردەمانەدا مۆڵەتی منداڵبوون لە زۆربەی شوێنەکانی تری جیهاندا هەر نەبوون. لە دانیمارک یاسای مۆڵەتی دایکایەتیی بۆ ژنانی کرێکاری مووچەخۆر تەنها لە ساڵی ١٩٦٠دا پەسەند کرا، لە کاتێکدا تەنها بۆ ماوەی ١٤ هەفتە بوو نەک بە مووچەی تەواویشەوە، بەڵکو لە چوارچێوەی هاوکاری بێکارییدا پێناسەکرا. شانزە هەفتەی مۆڵەتی دایکایەتیی بە مووچەی تەواوەوە، تا ئەمڕۆش، زیاترە لەو بڕە پارەیەی کە ژنان تەنانەت لە دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهان، ئەمریکا، وەریئەگرن، کە تیایدا ژنان مافی تەنها ١٢ هەفتە مۆڵەتی دایکایەتییان هەیە (بەبێ مووچەوە).
بەڵام یەکسانی لەبەردەم یاسادا تەنها وەک یەکەم هەنگاوێک بوو کە بەلشەفییەکان گرتیانە بەر،کە تەنها پێشمەرجێکی فەرمییە بۆ بنبڕکردنی نایەکسانیی. لەپێناو دەستخستنی یەکسانی ڕاستەقینە لە کۆمەڵگا هەر ئەوە کفایەت نییە کە یاسای نوێ دابڕێژرێن. بەڵکو پێداویستیی بە گۆڕانکاری ڕیشەیی لە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری کۆمەڵگادا هەیە.
لێرەوە کاری ڕاستەقینەی بەلشەفییەکان بۆ ئازادکردنی ژنان دەستیپێکرد: ئەرک و کاری گۆڕینی هەلومەرجی ماددییانەی کۆمەڵگا، و نەهێشتنی ڕەگ و بنەماکانی نایەکسانیی، واتە دابەشبوونی چینایەتی. ئەمە پێداویستی بە کۆتاییهێنان بە خاوەندارێتی تایبەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان هەبوو، واتە خاوەندارێتی سەرمایەداران و خاوەن موڵکەکان بەسەر کارگە و بازرگانی و زەوییەکاندا. و لە جێگەیدا دەستیان بە بنیاتنان و چەسپاندنی پلانێکی دیموکراسییانەی بەرهەمهێنان کرد بە ئاراستەی چارەسەرکردنی پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانی زۆرینەی کۆمەڵگا، لە چینی کرێکار و جووتیاران و هەژاران.
دوای ئەوەی بە یەکەم هەنگاویان کە یەکسانیی لە بەردەم یاسادا بوو، گەیشتن، لینین باسی ئەرکەکانی داهاتووی کرد:
“هەنگاوی دووهەم و گرنگتر بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتی تایبەتی کارگەو زەوییەکان. کە ئەمە تەنها ڕێگایە ڕووەو ڕزگاربوونێکی ڕاستەقینەو تەواوەتییانەی ژنان، ڕزگاربوونی لە 'کۆیلایەتی کاری نێو ماڵ' لە ڕێگەی گواستنەوەی خزمەتگوزاری کاری نێوماڵی تاکەکەسییەوە بۆ خزمەتگوزارییەکی کۆمەڵایەتیی بەرفراوان.
“ئەم گۆڕانکارییە قورسە، چونکە داڕشتنەوەی ڕیشەیی بۆ چەسپاوترین و ڕەگداکوتراوترین و شاراوەترین و ڕەقترین “سیستەم” لەخۆئەگرێت (ناشایستەیی و بەربەرێتی لە ڕاستییەوە نزیکترن) بەڵام گواستنەوەکە دەستیپێکردووە، شتەکان دەستیان بە جووڵە کردووە، ڕێگای نوێمان گرتووەتە بەر”. (لینین، 'ڕۆژی جیهانیی ژنانی کرێکار، ١٩٢١)
ئەگەر ژن بیەوێت ئازاد بێت، ئەوا پێویستی بە کۆتاییهێنان بە کاری نێوماڵە، کە بە دەربڕینی لینین ژنان لە “کۆیلایەتی نێوماڵ”دا ئەهێڵێتەوە. ئەبوو کاری نێوماڵ کۆمەڵایەتی بکرێت، ئەمەش بە شێوەیەکی کۆنکرێتی بە مانای دروستکردنی دایەنگا، باخچەی ساوایان، چێشتخانەی کۆمەڵایەتی، جلشۆری گشتی و هتد و هتد بوو.
ژنان – لە سەرهەڵدانی کۆمەڵگای چینایەتییەوە، واتە هەزاران ساڵ – بە کۆت و بەندەکانی نێوماڵ بەستراونەتەوە. سەرمایەداری ڕۆڵێکی گرنگی لە دەرکێشانی ژنان وەک کرێکار بۆ نێو کۆمەڵگایەکی فراوانتر هەبوو، واتە وەک بەشداربوو لە خەباتی چینایەتی. بەڵام سەرمایەداری لە نەهێشتنی کۆیلایەتی (نێوماڵی) ژنان شکستی هێنا، ئەمەش بەو مانایەیە کە ژنانی کرێکار لەسایەی سەرمایەداریدا دووچاری بارگرانییەکی زیاتر ئەبنەوە: چ وەک کرێکار و چ وەک ژن.
تەنانەت لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی سەرمایەداریشدا زۆرینەی کاری نێوماڵ ئەکەوێتە سەر ئەستۆی ژنان. ئەمڕۆ لە دانیمارک کە پشکی دامەزراندنی ژنان نزیکەی هەمان پشکی پیاوانە، ژنان بە تێکڕا ڕۆژانە یەک کاتژمێر زیاتر کاری نێوماڵ لە چاو پیاوان ئەنجام ئەدەن. کاتێک منداڵ لەدایک ئەبێت، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر مووچەی ژنان و خانەنشینی هەیە، جگە لە نەبوونی کەمترین کات بۆ شتگەلێکی تری جیا لە چالاکی خێزانیی، وەک بەشداریی لە کایەکانی ڕۆشنبیریی یان بەشداریکردن لە چالاکیی سیاسی.
سنوورداریی بەهۆی هەلومەرجە مادییەکان
بەڵام خواست و ویستی بەلشەفییەکان نەیتوانی چوارچێوەی سنووردراییەکانی واقیعی ماددی کۆماری سۆڤیەت تێپەڕێنێت. لینین هەر لە ڕۆژانی یەکەمەوە بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە شۆڕش ئەگەر بیەوێت سۆسیالیزم بنیات بنێت، پێویستی بە بڵاوبوونەوەو تەشەنەکردنە بۆ وڵاتانی سەرمایەداری پێشکەوتووتر. بەڵام بەداخەوە شۆڕشی ڕووسیا بە گۆشەگیریی مایەوە و لە ساڵانی یەکەمی دوای ١٩١٧ دا دەوڵەتی تازەی سۆڤیەت لە خەباتدا بوو بۆ مانەوەی، لە ڕێگەی ئەو شەڕەی نێوخۆییەی کە بەهێزترین دەوڵەتی سەرمایەداری لە ڕووسیا وروژاندبووی و خەباتکردنیان بۆ دوورکەوتنەوە لە برسیەتی.
سەرچاوەکان زۆر سنووردار بوون، و بەم پێیەش ئەگەرەکانی بەدیهێنانی پلانەکانی کۆمەڵایەتیکردنی کارەکانی نێوماڵ نەچوونە پێش. لەم چوارچێوەیەو لەوکاتانەدا ،پێڕاگەیشتنی دەوڵەتی سۆڤیەت بە هەر شتێک کە ئیمکانی بووبێت، جێگای سەرنج و تێڕامان بوو. بەڵام لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی دیکتاتۆرانەی ستالین بەسەر دەسەڵات، بەشێکی زۆری ئەو پێشڕەوییانەی کە ژنان دوای شۆڕش بەدەستیان خستبوو،پاشەکشەیان لێکرا، بۆ نمونە وەک مافەکانی لەباربردنی منداڵ و جیابوونەوە.
سەرەڕای ئەو داکەوتن و پاشەکشانەی کە لە سەردەمی ستالین و جێگرەوەکانی دواتریدا ڕوویان دا، ئابووری پلان بۆ داڕێژراو پێشکەوتنی گەورەی بۆ ژنان بەدوای خۆیدا هێنا. تێکڕای تەمەنی ژنانی بۆ دوو ئەوەندە زیاتر بەرزکردەوە، لە ٣٠ ساڵییەوە لە سەردەمی تزار بۆ ٧٤ ساڵ لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا. لە ساڵی ١٩٧١ دا زیاتر لە ٥ ملیۆن شوێنی باخچەی ساوایان هەبوون و ٤٩٪ی خوێندکارانی خوێندنی باڵا ژنان بوون، لە کاتێکدا ئەو وڵاتانەی کە تیایدا ژنان زیاتر لە ٤٠%ی ڕێژەی خوێندکارانیان لە خوێندنی باڵایان پێکئەهێنا تەنها چوار وڵات بوون، فینلاند، فەرەنسا، سوید و ئەمریکا.
بیرۆکە سیاسییەکانی لینین لەسەر بنەمایەکی فەلسەفی ماتریالیستی دامەزرابوو، بە واتایەکی تر ئەو هۆشیارییە عەقلانییەی کە ئەوە بارودۆخە مادییەکانن، هۆشیاری و بیرکردنەوە و ئایدۆلۆژیا و کولتوور و ...هتد دیاری ئەکەن.
بۆیە مەرجی پێشوەختە بۆ نەهێشتنی ئەو کولتوورە سێکسیست و ژنکوژییەی کە هەزاران ساڵە ژنانی بە بەراورد لەگەڵ پیاوان بێبەها کردبوو، و لە ژیانی گشتی دووری خستبوونەوە، پێکهێنانی گۆڕانکارییە لە بارودۆخی ماددیدا. واتە هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتی تایبەتی بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان.
بەڵام بەلشەفییەکان دوای بەنیشتمانیکردنی ئابووری، دەستەوەستان دانەنیشتن، بەڵکو دەستیان بە کارێکی بەرفراوان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کولتووری شۆڤێنیستی لە ڕووسیا کرد. بەرنامەی تایبەتیان بۆ بنبڕکردنی نەخوێندەواریی لە نێو ژنان و بەشداریکردنی چالاکانەیان لە شوێنە ڕابەرایەتییەکانی دەوڵەت و حیزب داڕشت. لە هەمان کاتدا بەلشەفییەکان کاری گەورەیان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کولتووری بە شێوەیەکی گشتی کرد، لەم ڕاستایەدا پێشوەختە بیروباوەڕە ئایینییەکان و فۆرمەکانی تری شۆڤێنیزمیان لەناوبرد.
لینین نەک تەنها لەبەردەم یاسا، بەڵکو لە سەرجەم بوارەکانی تردا ڕابەرایەتی خەباتی یەکسانی ژنانی ئەکرد. هەر بۆیە ئێمە وەک کۆمۆنیستەکان هەمیشە خۆمان بە بەردەوامترین پاڵەوانەکانی ڕزگاری ژنان ئەزانین. بە پێچەوانەی فێمینیستە لیبراڵەکانەوە، لینین لە نێو چوارچێوەی سەرمایەداریدا نەمایەوە. گومانی تێدا نییە، زۆرترین شت کە لە چوارچێوەی ئەم سیستەمەدا ئەتوانرێت بەدەست بهێنرێت، یەکسانییە لەبەردەم یاسا. لە ئێستادا هەموومان لە سەرجەم وڵاتانی سکاندەناڤیا ئەتوانین بڵێین، لەو شوێنانەی کە مافی یەکسانی لەبەردەم یاسا لە مێژە بەدەست هاتووە، بەڵام لە بنەڕەتدا هێشتا لە نەهێشتنی ستەم و چەوساندنەوەی ژنان یەکجار دوورە. فێمینیستە لیبراڵەکان مافی یەکسانی (فەرمی)یان دەستخستووە، لە هەمان کاتدا هاوکارو یارمەتیدەرن لە مانەوەو پاراستنی ئەو نایەکسانییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەی کە لە ئێستادا هێشتا زاڵە.
لای لینین خاڵی بنەڕەتی خەباتی ژنان چینایەتی بوو. ئەوە تەنها دێدگای چینایەتییە کە تەواوی جۆرەکانی تری ستەم تێکئەشکێنێت ، و ئەو ناوەند (میحور)ەیە کە سەرجەمیان بە دەوریدا خول ئەخۆن. چینی دەسەڵاتدار کەمینەیەکی یەکجارکەمی نێو کۆمەڵگایە و ئەوەی لە توانایدا بێت بۆ دابەشکردنی چینی کرێکار لەسەر بنەمای ڕەگەز، نەتەوە، ئایین و هتد، ئەنجامی ئەدات، و بەردەوام هان و هەوڵی بەگژداکردنی گروپە جیاوازەکانی کرێکاران بە دژی یەکتر ئەدات.
کۆمۆنیستەکان و خەباتی ژنان
بۆ لینین نەک هەر شۆڕش بۆ ڕزگاری ژن پێویستە، بەڵکو ئەگەر بمانەوێت شۆڕشێکی سەرکەوتوومان هەبێت، ئەوا بەشداری ژنان یەکلاکەرەوەیە. ئەمە هەروا پرسێکی سادەو لاوەکی نییە.
ئەوە ژنانی کرێکار بوون کە شۆڕشی ڕووسیایان هەڵگیرساند، کاتێک لە ڕۆژی جیهانی ژنان لە ساڵی ١٩١٧دا مانیان گرت، بە درێژایی شۆڕشی پێش ئۆکتۆبەر، لینین چەندبارە جەختی لەسەر پێداویستی ڕێکخستنی ژنان لە خەباتدا ئەکردەوە. لە یەکێک لە نامەکانی لە دەربەدەریی(مەنفا) – کە پێش گەڕانەوەی لە ساڵی ١٩١٧دا نووسیویەتی: “ئەگەر ژنان نەکێشرێنە نێو خزمەتی گشتییەوە، بۆ نێو ڕیزەکانی میلیشیا، بۆ ژیانی سیاسی، ئەگەر ژنان لە ماڵ و مەتبەخە گەمژانەکەی خۆیان نەیەنە دەرەوە، ئەوا ئەستەمە گەرەنتی ئازادی ڕاستەقینە بکرێت، ئەستەم ئەبێت تەنانەت دیموکراسیش بنیات بنرێت چ جای ئەگات بە سۆسیالیزم”. (لینین، نامەکان لە دەربەدەریی، نامەی سێیەم، دەربارەی میلیشیای پرۆلیتاریی')
شۆڕش بەبێ بەشداری ڕاستەقینەی ژنان نەیتوانی سەربکەوێت. وە پرسی ڕێکخستنی ژنانی چینی کرێکار لە شەڕی کۆمۆنیزمدا نەک هەر لای لینین، پێش شۆڕشی ئۆکتۆبەر، بە بایەخەوە چاوی لێکرا، بەڵکو دواتریش و لە دەمی بنیاتنانی نێودەوڵەتی سێیهەمیشدا وەک ئامرازێکی گرنگ بۆ بڵاوکردنەوەی شۆڕش لە سەرانسەری جیهان چاوی لێکرا. بەڵام چەوساندنەوەی ژنان لە ژێر سایەی سەرمایەداری بەو مانایەش دێت کە بە گشتی ژمارەی ژنان لە چاو پیاوانی ڕێکخراو لە خەباتدا کەمتر ئەبن، کە لەخۆیدا کێشەیەک بوو و لینین ڕووبەڕووی بووەوە:
“بۆچی ژنان لە هیچ شوێنێکدا بە ئەندازەی پیاوان لە ڕیزەکانی حیزبدا نین، تەنانەت لە سەر ئاستی ڕووسیای سۆڤیەتیشدا؟ بۆچی ژمارەی ژنانی ناو ڕێخراوە کرێکارییەکان ئەوەندە کەمن؟ ئەم ڕاستیانە خۆراک بە بیرکردنەوەمان ئەدەن، [...] ناتوانین بەبێ ئەوەی ملیۆنان ژنان لەگەڵمان نەبن، دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا جێبەجێ بکەین، و ناشتوانین بەبێ ئەوان خەریکی بنیاتنانێکی کۆمۆنیستانە بین. ئەبێت ڕێگایەک بدۆزینەوە تا بەوان بگەین. پێویستە لێکۆڵینەوە و گەڕان بکەین تا ئەم ڕێگایە ئەدۆزینەوە.
“هەربۆیە بە تەواوی ئەوە دروستە کە ئێمە داواکارییەکان لە بەرژەوەندی ژناندا بخەینەڕوو. [...] هەموو ئەو ماف و خواستە کۆمەڵایەتیانەی کە ئێمە لە کۆمەڵگای بۆرژوازی بۆ ژنان داوای ئەکەین، بەڵگەن لەسەر ئەوەی،کە ئێمە لە پێگە و بەرژەوەندییەکانی ژنان تێئەگەین، و لە سایەی دەسەڵاتی دیکتاتۆری پرۆلیتاریادا لەبەرچاویان ئەگرین. بێگومان نەک وەک ڕیفۆرمخوازانی خەواڵوو و پاڵپشتیکار. نەخێر، بە هیچ شێوەیەک. بەڵکو وەک شۆڕشگێڕانێک کە بەردەوام بانگەوازی ژنان ئەکەن تا بە یەکسانی ڕۆڵی خۆیان لە بنیاتنانەوەی سەرخانی ئابووری و ئایدیۆلۆژی کۆمەڵگادا بگێڕن”. (کلارا زێتکین، لینین دەربارەی پرسی ژنان)
لینین چەندین جار جەختی لەوە کردەوە کە خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنانی کرێکار لە خەباتی شۆڕشی سۆسیالیستی جیا ناکرێتەوە. نایەکسانی و چەوساندنەوە بەبێ کۆتاییهێنان بە کۆمەڵگای چینایەتی کۆتایی پێناهێنرێت. بەڵام ئەمە هەرگیز بەو مانایە نییە کە خەباتی ژنانی لەپێناو داخوازییەکانیان (لە پێش شۆڕشدا) ڕەتکردووەتەوە.
کۆمۆنیستەکان هەندێک جار بە هەڵە تۆمەتبار ئەکرێن بەوەی کە خەباتی ژنان پشتگوێ ئەخەن، بەوەی کە پرسێکەو بە شۆڕش چارەسەر ئەبێت. بەڵام ئەمە بە ڕوونی، دروست نییە. ئەوە ڕاستە کە ئێمە پێمان وایە شۆڕش تاکە ڕێگایە بۆ کۆتایی هێنان بە چەوساندنەوەی ژنان، بەڵام بەو مانایە نییە کە ئێمە لێرە و لە ئێستادا شەڕی داخوازییە دیموکراسییەکان ڕەتبکەینەوە.
ئێمەی کۆمۆنیست دانانیشین و چاوەڕێی شۆڕش بکەین، بەڵکو خۆمان بۆ نێو کایەکانی خەباتی ڕۆژانە هەڵئەدەین. وەک لینین ڕوونی کردەوە، ئەکرێت کرێکاران لە ڕێگەی خەباتی ڕۆژانە بۆ چاکسازی و داخوازییە دیموکراسیەکان کۆبکرێنەوە و لە ڕێگەی ئەم خەباتەوە سنووردارییەکانی دیموکراسی سەرمایەداری ڕوون ئەبێتەوە. ئەرکی کۆمۆنیستەکان بەکارهێنانی خەباتی ڕۆژانەیە بۆ بەرزکردنەوەی پێداویستی شەڕکردن بۆ شۆڕش. لینین ڕوونی کردەوە، تا کۆمەڵگەیەک ئازادتر و دیموکراسی تر بێت، زیاتر ڕوون ئەبێتەوە کە کێشەکە تەنیا ئەم یان ئەو یاسا نییە، بەڵکو خودی سەرمایەدارییە:
- لە زۆربەی حاڵەتەکاندا مافی جیابوونەوە لە ژێر سەرمایەداریدا جێبەجێ ناکرێت، چونکە ڕەگەزی ستەملێکراو لە ڕووی ئابوورییەوە تێکشکێندراوە؛ چونکە دەوڵەت هەرچەندە دیموکراسیش بێت، ژن لە سایەی سەرمایەداریدا وەک 'کۆیلەی ناوماڵ' ئەمێنێتەوە، کۆیلەی ژووری نووستن و دایەنگا و مەتبەخ. [...]
“تەنها ئەوانەی کە بە تەواوی توانای بیرکردنەوەیان نییە، یان ئەوانەی بە تەواوی بە مارکسیزم نامۆن، بەو دەرئەنجامە ئەگەن کە کۆمار هیچ سوودێکی نییە، و ئازادی جیابوونەوە هیچ سوودێکی نییە، دیموکراسی هیچ سوودێکی نییە، و دیاریکردنی مافی چارەنووسی گەلان هیچ سوودێکی نییە! مارکسیستەکان باش ئەو ڕاستییە ئەزانن کە دیموکراسی، ستەمکاریی چینایەتی لەناو نابات، بەڵکو تەنها خەباتی چینایەتی ڕوونتر و فراوانتر و کراوەتر و تیژتر ئەخاتە ڕوو؛ و ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە ئەمانەوێت. تا ئەو جێیەی ئازادی جیابوونەوە بە کامڵی خۆی بگات، بۆ ژنان زیاتر ڕوون ئەبێتەوە کە سەرچاوەی 'کۆیلایەتی نێوماڵ'یان نەبوونی ماف نییە، بەڵکو بوونی سیستمی سەرمایەدارییە. تا ئەو جێیەی کە سیستمی حوکمڕانیی دیموکراسی تر بێت، بۆ کرێکاران زیاتر ڕوون ئەبێتەوە کە ڕەگی خراپەو شەڕانگێزییەکانی نێو کۆمەڵگا نەبوونی ماف نییە، بەڵکو بوونی سیستمی سەرمایەدارییە. [...] ، و بەم شێوەیە. (لینین، 'وێنایەکی کاریکاتێرییانەی مارکسیزم و ئابووریی ئیمپریالیزم)
تا دیموکراسی گشتگیرتر بێت، ئەوە زیاتر ڕوون ئەبێتەوە کە، ئەوە نەبوونی دیموکراسی نییە کە بۆ بوونی چەوساندنەوە بەرپرس و گازندە بکرێت، بەڵکو چەوساندنەوە ڕەگ و ڕیشەی زۆر قووڵترە: لە سەرمایەداری و خودی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی چینایەتیدایە.
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، سەرەڕای دەستەبەربوونی مافی دیموکراسی یەکسانی ژنان و پیاوان لە وڵاتانی سکاندیناڤیا, هێشتاش ستەمکاری سەر ژنان لە کۆتاییهاتنی یەکجار دوورە. ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر و زیاتر بۆ ژنان ڕوون ئەبێتەوە کە چارەسەری سێکسیزم و توندوتیژی سەر ژنان و پێگەی ئەوان وەک هاووڵاتیانی پلە دوو لە پەرلەماندا نییە، بەڵکو لە چاکسازییەکی قووڵتری پێکهاتەی کۆمەڵگادایە. ئەرکی ئێمە وەک کۆمۆنیستەکان ئەوەیە کە خۆمان هەڵبدەینە نێو ئەم خەباتە ڕۆژانەیەی ژنانەوە، و لە هەمان کاتدا مەودوای پەیوەندییان بە چەوساندنەوەی چینایەتی و پێداویستی خەبات دژی خودی سیستمی سەرمایەداری، بەکاریان بهێنین.
بۆ لینین ڕوون بوو ئەم کارە ژیانییەی ڕاکێشانی ژنانی هۆشیار لە باری چینایەتییەوە بۆ نێو ڕیزەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە، تەنیا ئەرک و کاری ژنان نییە، و دژی بزووتنەوەیەکی جیای ژنانی کۆمۆنیست بوو. بەڵکو وەک کاری سەرجەم حیزب چاوی لێئەکرا. پێویست بوو هەموو کۆمۆنیستەکان لەسەر پرسی چەوساندنەوەی ژنان و گرنگی کاری شۆڕشگێڕانە لە نێو ژناندا، بە هاورێیانی پیاویشەوە پەروەردە بکرێن و سەرنجیان ڕابکێشرێت، ئەگەر کارەکە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بویسترێت ئەنجام بدرێت. ئەمە تەنانەت هەندێک جار بە مانای زاڵبوون بەسەر بەرگریکردنی هاوڕێیانێکی پیاو بوو ، وەک کلارا زێتکین، مارکسیستی ئەڵمانی، بە ئاماژەدان بە لینین ئەڵێت:
“ئەوان هاندان و پڕوپاگەندە لە نێوان ژنان، و ئەرکی بەئاگاهێنانەوە و چەکدارکردنیان بەدێدگاکانی شۆڕش وەک پرسێکی لاوەکی ، و وەک کاری (تەنها) ژنانی کۆمۆنیست چاولێئەکرد. و لێرەدا هاوڕێیانی ژن سەرزەنشت ئەکران چونکە پرسەکە بە خێرایی و هێزێکی زۆرترەوە بەرەو پێش ناچێت. ئەمە هەڵەیە، لە بنەڕەتدا هەڵەیە! جیابوونەوەیەکی ئاشکرایە. یەکسانیکردنی ژنانە بە گەڕانەوە، وەک فەرەنسییەکان ئەڵێن، پێچەوانەبوونەوەی یەکسانی [...]
- ژمارەیەکی کەم لە هاوسەران، تەنانەت لە پرۆلیتاریاکانیش بیر لەوە ئەکەنەوە کە چەندە بارگرانی و نیگەرانییەکانی سەر ژنان ئەتوانن سووک بکەن، یان بە تەواوی ڕزگاریان بکەن، ئەگەر دەستی هاوکارییان بۆ ئەم ' کارەی ژنان' درێژ بکەن. بەڵام نەخێر، ئەمە بە پێچەوانەی ' ماف و شکۆی پیاو' هەژمار ئەکرێت کە بە دوای پشوو و ئاسوودەیی خۆیەتی. ژیانی ' نێو ماڵ' ی ژن قوربانیدانێکی ڕۆژانەیە بۆ هەزاران کاری بچوک و بێبایەخ. مافە دێرینەکانی هاوسەرەپیاوەکەی،یان ئاغا و ئاغاژنەکەی، بەبێ ئەوەی سەرنجیان بدرێت، وەک خۆیان ئەمێننەوە. لە باری بابەتیییەوە کۆیلەکە تۆڵەی خۆی لێئەکاتەوە. تەنانەت ئەگەر لە فۆرمێکی شاراوەشدا بێت. دواکەوتوویی و تێنەگەیشتنی ژن لە ئایدیاڵە شۆڕشگێڕییەکانی هاوسەرەکەی ڕێگری ئەخاتە سەر ڕۆحی خەباتگێڕی و ئیرادەی ژن بۆ خەبات و شەڕکردن . وەک کرمی بچووک وان، بە شێوەیەکی هەستپێنەکراو، هێواش هێواش بەڵام بە دڵنیایی و بەردەوامییەوە، نیگەران و لاوازی ئەکەن. من لە بارودۆخی ژیانی کرێکار تێئەگەم، نەک تەنیا لە کتێبەوە. کاری کۆمۆنیستی ئێمە لە نێو جەماوەری ژنان و کاری سیاسی ئێمە بە گشتی، ئەرکی پەروەردەیی بەرچاو لە نێو پیاوان لەخۆئەگرێت. ئەبێت ڕوانگە کۆنەکەی 'خاوەن کۆیلە' لە ڕیشەوە ، چ لە نێو حیزب و چ لە نێو جەماوەری خەڵکدا لە ڕیشەوە دەرکێشین. ئەوە یەکێکە لە ئەرکە سیاسییەکانمان، ئەرکێکە بە هەمان شێوەی پێکهێنانی ستافێک کە لە هاوڕێیانی ژن و پیاو پێکهاتبێت، بە ڕاهێنانێکی تیۆریی و پراکتیکیی وردەوە بۆ ئەنجامدانی کاری حزبی لە نێو ژنانی کرێکار”. (کلارا زێتکین، لینین دەربارەی پرسی ژنان).
خەباتی ژنان و کۆمۆنیزم
سەرمایەداری لە قەیرانێکی قووڵدایە. تەنیا قەیرانێکی ئابووری نییە، بەڵکو قەیرانێکی مێژووییە کە سەرجەم کایەکانی کۆمەڵگای گرتووەتەوە. لە هەر شوێنێکەوە لێی بڕوانیت، جیهان وا دەرئەکەوێت کە بەرەو شەڕ و کارەساتێکی ژینگەیی ڕۆبچێت. سێکسیزم، ڕەگەزپەرستی، ترانسفۆبیا و جۆرەکانی تری جیاکاریی و چەوساندنەوە بەربڵاون. ئەم قەیرانە بە تایبەتی لە نێو گەنجاندا بە توندی هەست پێئەکرێت، کە لە هەموو بوارەکانی ژیانیاندا ئەزموونی ئەکەن. بە واتای تێکچوونی کولتوور و پەیوەندییە مرۆییەکان و دەروونمان، وەک چۆن لەگەڵ قەیرانی تەندروستی دەروونیدا چاومان لێیە.
تاکە شتێک کە پێشکەش بە گەنجان و کرێکاران بکرێت، بریتییە لە لەوپەڕی ڕەشبینی و چارەسەری تاکگەرایی. بەڵام قەیرانی سەرمایەداری تەنیا بەرەو ڕەشبینیمان نابات. بەڵکو بنبەستی سیستەمەکەش لە نێو خەڵکانێکی زۆر کە بە چارەسەرییە تاکەکەسییەکان ڕازی نین، ئەبێتە هۆکاری گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی لە هۆشیارییدا. ئەوان بەدوای بیرۆکەیەکدا ئەگەڕێن کە بتوانێت ڕێگایەکی دەربازبوون لەم قەیرانە سەراپاگیرە، مسۆگەر و دابین بکات. بە ملیۆنان ژن و پیاو لە سەرانسەری جیهان لە ڕیزەکانی بەرەنگاربوونەوەی نایەکسانی و چەوساندنەوەدا خۆیان گردوکۆ ئەکەنەوە.
ئەڵتەرناتیڤ لە جێگای ڕەشبینیی و چارەسەری تاکگەرایی لای لینین و بەلشەفیکەکان دەرئەکەوێ. وەڵامی ئەوان خەباتی بەکۆمەڵ بوو لە دژی سەرجەم سیستەمەکە. لە چوارچێوەکانی سەرمایەداریدا نەوەستاون. هۆکارەکانی ستەم و نایەکسانییان لە ڕیشەوە دەرکێشا.
ئەمە ئەو نەریتەیە کە ئێمەی کۆمۆنیستەکان ئەمڕۆی لەسەر بنیات ئەنێین. ئێمە پەیگیرانە بەشداری نێو خەباتی ژنان ئەکەین، بەڵام چەکدار بەو ڕوانگەی ڕوونەی کە ناکرێ لە خەباتی کۆمۆنیزم دایببڕێنین، و هەرکەسێک بیەوێت بە جددی لە دژی چەوساندنەوەی ژنان بجەنگێت، ئەبێت خۆی لە ڕیزەکانی خەباتی کۆمۆنیزمدا سازو ڕێکبخات. لینین و بەلشەفییەکان خەباتیان دەستپێکرد، و ئەوە ئەرکی ئێمەیە کە شۆڕشەکە بە تەواویی تا کۆتایی بگەیەنین، و کۆمەڵگایەک بنیاتبنێین کە ژنان و پیاوان لە سایەیدا بتوانن لە ژیانێکی شکۆمەند و مرۆڤانە، بێ نایەکسانیی و چەوساندنەوە، بەهرەمەند بن.
سەرچاوە : لە بەرگری مارکسیزمدا