حکوومەتی سوێد لە تاقیکردنەوەی قبووڵبوون لە ناتۆ سەرکەوتووبوو لەڕێی بەڵێندانەکەی بە یارمەتیدانی ئیمپریالیزمی تورکیا تا خەباتی کورد بگەوزێنێت لە خوێندا.
[Source]
هەر لە مانگی نۆڤەمبەرەوە، سۆسیال دیموکراتەکانی دەسەڵاتدار دەیانویست “هاوکارییەکانی خۆیان لەگەڵ [پەیەدە] [لقی سووریای پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە] قووڵتر بکەنەوە” ، چونکە ئەوان “پشتیوانی لە کارەکانی خۆبەڕێوەبەری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن بۆ دیموکراسی و… ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ”. وەزیری دەرەوەی سۆسیال دیموکراتەکان (ئان لیندە) سێ ساڵ لەمەوبەر ئەمەی دەگوت:
“سوێد لەناخەوە سوپاسگوزارە بۆ ئەو قوربانیدانانەی کە کورد و کەمینەکانی ناوچەکە لە خەبات دژی داعش داویانە… سوێد ئیدانەی هێرشی نایاسایی تورکیا دەکات بۆ سەر باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا… [کورد] بارێکی گەورەی هەڵگرتووە و گرنگە ئێستا پشتگیری بەدەست بهێنن لە گەلانی دیکەی جیهانەوە”.
لە وێبپەڕی سۆسیالدیموكراتەكاندا، مرۆڤ هێشتا دەكرێت ئەوە بخوێنێتەوە: “كە ئازادیخوازانی كە لەگەڵ یەپەگە/یەپەژە [ڕێكخراوەكانی خۆپاراستنی كورد] یان پەیەدەدا خەباتیان كردووە یان هاوسۆزییان هەبووە، لەناكاودا لەلایەن چەند ئەكتەرێکی دەوڵەتەوە وەك تیرۆریست پۆلێن دەكرێن بە قبووڵنەکراوییەوە”. ئێستا سۆسیالدیموکراتەکان رێک ئەو کارەیان کردووە کە لە مانگی نۆڤەمبەردا بە “قبوڵنەکراو” ناویان دەبرد و وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی مامەڵە لەگەڵ پەیەدە دەکەن.
لە بەرانبەردا تورکیا واز لە ڤیتۆکە لەسەر ئەندامێتی سوێد لە ناتۆ دەهێنێت، ئەوانیش – لەگەڵ فینلانددا کە هەروەها داوای ئەندامێتی لە ناتۆ دەکەن – بەپێی یادنامەیەکی سێقۆڵییەوە “پشتیوانی تەواو لە دژی هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانیی” تورکیا دەکەن. بۆ دوورکەوتنەوە لە تێنەگەیشتن، ئەوە ڕوون دەکرێتەوە کە ئەمە لەبارەی کوردەوەیە: “بۆ ئەو مەبەستە فینلاند و سوێد پشتیوانی لە یەپەگە/پەیەدە ناکەن”. (پیێر سکۆری) وەزیری پێشووی سۆسیالدیموکراتەکان ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەی بە “گەورە سەرکەوتنێک بۆ [سەرۆکی تورکیا] ئەردۆغان، شەرمەزاری بۆ سوێد و خیانەت لە کوردان” پوختکردەوە.
دووڕوویی
دووڕووییی سەرمایەداریی سوێد بە تەواوی نمایش کراوە. ئازادیخوازانی دوێنێ ئەمڕۆ کراونەتە تیرۆریست. بۆ ئیمپریالیستەکان، خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوە بچووکەکان هەمیشە تەنها گۆڕانکارییەکی بچووک بووە، کە هەرکاتێک گونجاو بێت، بە خۆشحاڵیەوە ئاڵوگۆڕی پێوە دەکەن.
پاڵپشتی تەواوی سوێد و فینلاند بۆ ئیمپریالیزمی تورکیا لەم بەڵێنانەدا بەرهەستکراون:
- “دامەزراندنی میکانیزمێکی هاوبەش و پێکهاتەدەرێکی دیالۆگ و هاوکاری لە هەموو ئاستەکانی حکوومەتدا، لەوانەش لەنێوان جێبەجێکردنی یاسا و دەزگا هەواڵگرییەکان”.
- تونکردنەوە ئەو یاساگەلەی نادیموکراسیانەی کە پێیان دەوترێت “دژەتیرۆر”.
- قەدەغەکردنی دامەزراندن و دابینکردنی دارایی بۆ پەکەکە و بەناو “ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان”ـی دیکەش و هەروەها بۆ ئەو “تاکانەی کە ناو گرووپ یان تۆڕە پێوەبەستراو و ئیلهامکراوەکانن کە پەیوەستن بەم ڕێکخراوە تیرۆریستییانەدا”.
- فینلاند و سوێد بەخێرایی و بەوردی مامەڵە لەگەڵ “داواکارییەکانی هەڵواسراوەکانی شاربەدەرکردن یان دانەدەستی گومانلێکراوە تیرۆرییەکانی تورکیا” دەکەن.
- دەستپێکردن بە هەناردەکردنی چەک بۆ تورکیا.
ئەمەش واتای وایە کە ئەوان چالاکانە یارمەتی ئەردۆغان دەدەن بە دابینکردنی زانیاری بۆ چەوساندنەوەی نەیارە ڕامیارییەکانیدا. ئەگەر پەنا ببەنە سوێد، ئەوا قەدەغە دەکرێن یان بە شێوازێکی دیکە سنووردار دەکرێن لە درێژەدان بە کارە ڕامیارییەکانیان. ئەو بەشەگەلەی مامەڵە لەگەڵ “دارایی و دامەزراندن” دەکەن ئەوەندە ناڕوونن کە دەکرێت لە ڕاستیدا هەر ڕێکخراوێک دژی دەسەڵاتی ئەردۆغان بێت بگرێتەوە.
ڕۆژنامەی ئابووریزان (Economist) کە ئۆرگانێکی چینی دەسەڵاتداری بەریتانیایە، ئەو ڕێککەوتنە بە “سەرکەوتنێک بۆ ئەردۆغان” ناودەبات و دەڵێت: “بە لەبەرچاوگرتنی هەڵگەڕانەوەکەی بەڕێز ئەردۆغان بەرەو ئۆتۆکراسییەوە، و مەیلی ئەو بۆ وەسفکردنی هەموو نەیارەکانی بە تیرۆریست، زۆر کەس لەوەدا نیگەران دەبن کە دەوڵەتە نۆردیکان مەترسیی لاوازکردنی پابەندبوونیان بە مافی مرۆڤ و پەنابەریی ناڕازییە ڕامیارییەکانیان لەسەرە”.
بەپێی ڕۆژنامەی حورییەت (Hürriyet) ـی تورکی، سەرەتا ئەردۆغان لیستێکی هەبووە کە ٣٣ کەسی لە سوێد و ١٢ کەسی کەسی لە فینلاند لەخۆگرتبوو کە ئەو مینەیڕادەستکردنیانی دەکرد. بەڵام ڕۆژی پێنجشەممە ئەردۆغان لەبری ئەوە وابێژی ئەوەی دەکرد کە سوێد بەڵێنی داوە ٧٣ کەس ڕادەست بکاتەوە، هەروەها کە ئەو ڕەتی دەکاتەوە ئەندامێتی سوێد لە ناتۆ پەسەند بکات ئەگەر ئەم بەڵێنە جێبەجێ نەکرێت. ئەمەش نیشانەیەکی پرسیار لەسەر تەواوی گرێبەستەکەدا دادەنێت.
قبووڵکردنی حکوومەتی سوێد بە ڕێککەوتنەکە شتێکە، کە واتا سەرکوتکەرانە تەواوەکەی تەنها دواتر دەزانرێت، و قبوڵکردنی کە بەپێشەکی ژمارەیەکی زۆری خەڵک رادەست بکات بەتەواوەتی شتێکی دیکەیە. ئەوان بەڕوونی پێویستییەکیان هەیە کە ئەم ئاڵوگۆڕە پیسە وەک ئەوەی بەپێی یاسا و ڕێسا و ڕێساکانی سوێد و هتد ئەنجام درابێت، بخەنەڕوو. ئەگەر داواکارییەکانی ئەردۆغان بەدی بهێنن، ئەوا هەموو ئەم دابودەستووری بەڕێوەبەرایەتییە [red tape] بەئاشکرا وەک فێڵێکی چرووک و هیچی تر بێپەنا دەبێت.
دوای ئەوەی تورکیا سیستمی بەرگری ئاسمانی (S-400)ـی ڕووسیایی سەند، ئەمریکا تۆڵەی سەندەوە بەوەی کە ڕێگری لێ کرد لە دەستکەوتنی فڕۆکەی جەنگی (F-35 fighter)ـی هاوچەرخ. هەربۆیە ئەردۆغان هەوڵی داوە گرێبەستێک دەستەبەر بکات بۆ ئەوەی لەبری ئەوە ٤٠ فڕۆکە لە وەشانی هاوچەرخکراوی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری (F-35) کۆن لە ئەمریکا بکڕێت، هەروەها بەهاوچەرخکردنەوەی کیتەگەلێک بۆ ٨٠ فڕۆکەی جەنگی دیکەش بکڕێت. ڕوونە کە داواکارییەکەی سوێد و فینلاند بۆ پەیوەستبوون بە ناتۆ، هێزی چوونەپێشەوە بۆ دەسخستنی هەلومەرجێکی باشتری بە ئەردۆغان بەخشی لەم ڕووەوە. بۆیە جێی سەرسوڕمان نییە، کە بەڕێوەبەرایەتیی بایدن یەک ڕۆژێک دوای گەیشتن بە ڕێککەوتنەکە لەنێوان تورکیا و سوێد و فینلانددا داواکەی تورکیای قبووڵ کرد.
سەبارەت بە ڕادەستکردنەوەی ئارەزوومەندانەدا، دەوڵەتی سوێد بەسەختی تۆمارێکی بێپەڵەی هەبوو. یاسای سوێد رادەستکردنەوەی خەڵک بە تاوانی ڕامیاری قەدەغە دەکات، بەڵام دەکرێت بە تاوانی تیرۆر ڕادەستیان بکرێت. بە پشتیوانی ڕێکەوتنێک کە هەر “گرووپێک یان تۆڕێک” کە هەر جۆرە پەیوەندییەکی بە پەکەکەوە هەبێت وەک تیرۆریست دەر دەخات – و یاساگەلێکی سەرکوتکەرتری دژەتیرۆری سوێدیش – دەبێت پرسێکی بچووک بێت بۆ دەسەڵاتداران کە وشەکانیان بەو پێیە بگۆڕن.
هەروەها ڕادەستکردنەوەی مرۆڤەکان نایاساییە ئەگەر مەترسی ئەشکەنجەدانیان لەسەردا بێت. ئەمەش هەر ئاسانترە پشتگوێ بخرێت. لە ساڵی ٢٠٠١ـدا حکوومەتی سۆسیالدیموکرات (محەممەد ئەلزیری) و (ئەحمەد عەجیزە)ـی ڕادەست کرد سەرەڕای مەترسی ئەوەی کە ڕووبەڕووی ئەشکەنجە ببنەوە. ئەوان لە میسرەوە گرەنتی بەناو دیپلۆماسییان وەرگرتبوو کە تووشی ئەشکەنجە نابن. کاتێک ڕادەست کرانەوە، لە ڕاستیدا تووشی ئەشکەنجە بوون.
ئەم جۆرە “گەرەنتییە دیپلۆماسییانە” کەلێنێکن لە یاساکەدا کە حکوومەت دەتوانێت بەئاسانی بەو شێوەیەی کە لەگەڵیاندا دەگونجێت بیقۆزنەوە. بۆ ڕژێمەکەی ئەردۆغان ئاسانترین کار دەبێت لە جیهاندا کە هەر وەک میسر بکات.
دژایەتی ئەندامێتیی ناتۆ بکەن! دژایەتی مامەڵە لەگەڵ ئەردۆغان بکەن!
بیانووی پەیوەستبوون بە ناتۆ ئەوە بوو کە سوێد دەبێت لەدژی ڕژێمی “ستەمکار”، “خۆسەپێن”، “بێبەزەیی” (و هتد.) ڕووسیا بوەستێت لەدوای داگیرکەرییەکەی ئوکراینا. کرێی چوونە ژوورەوە هاوکارییەکی بەرین بوو لەگەڵ ڕژێمێکی بە هەمان شێوە ستەمکار و خۆسەپێن و بێبەزەیی لە تورکیادا، کە ئێستا پشتگیری پێشکەش دەکەن لە شەڕە یەکلایەنەکەی و تیرۆرکردنە دێرینەکەی دژی کورد.
بۆ ئیمپریالیستە سوێدییەکان بێگومان جیاوازییەکی چارەنووسساز هەیە. ئەوان بەرژەوەندییەکی ئابووری بەهێزیان هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی ڕووسیا تاوەکوو سوود بە کۆمپانیا سوێدییەکان لە وڵاتانی باڵتیک بگەیەنن. لەکۆتایی ئەم هەفتەیەدا ئاهەنگی بڕیارەکەی ناتۆ دەگێڕن، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئامادەبوونی سەربازی لە ناوچەی دەریای باڵتیک و لەو وڵاتانەی کە هاوسنوورن لەگەڵ ڕووسیا. بەڵام بە بێئەملاوئەولا هیچ بەرژەوەندییەکی ئابوورییان نییە لە یارمەتیدانی کورد، کە بە ئامادەییەوە لە بەرانبەر بەهێزکردنی پێگەی نێودەوڵەتی خۆیان دەیکەنە قوربانی.
ڕێککەوتن لەگەڵ ئەردۆغان لە ڕوانگەی ئیمپریالیزمی سوێدەوە ئاوارتەیەک نییە، بەڵکوو بەتەواوی لەگەڵ ئامانجەکانیاندا دەگونجێت: بەدەستهێنانی بازاڕی زیاتر، زیادکردنی قازانجەکانیان و بەردەوامبوون لە چەوساندنەوەی خەڵکی دیکە. هەروەها تەواوی هاوپەیمانی ناتۆ لەبنەڕەتەوە لەسەر ئەمەیە.
بەتایبەتی ئەوە جێگەی شەرمەزارییە کە ئەم ڕێککەوتنە لە کاتێکدایە کە ئەردۆغان ئامادەکاری بۆ هێرشێکی دیکەی سەربازی دەکات بۆ سەر کوردەکان لە باکووری سووریا. چەند مانگێكە هەردوو ئەردۆغان و چەند بەرپرسێكی دیکەی توركیا باس لە “پاككردنەوەی” پەكەكە دەكەن. ئەم ئامادەکاریانە بۆ جەنگ ئێستا بە توندی لەلایەن سوێدەوە بەم رێککەوتنە هاوکاری دەکرێت. هیچ نەبێت، سوپای تورکیا سوودێک بۆ چەکەکانی سوێد دەبینێت، کە جارێکی دیکەش ئامادەن هەناردەی بکەن.
هاوسۆزی تەواوی خۆمان بۆ ئەو کورد، تورک و ئەوانی دیکەش ڕادەگەیەنین کە ئێستا بەناحەق بە هاوکاریی دەوڵەتی سوێد زیندانی دەکرێن و ئەشکەنجە دەدرێن و دەکوژرێن.
ئێمە بانگەوازی لە چەپەکان و بزووتنەوەی کرێکاری دەکەین – لەوانە ئەو سۆسیالدیموکراتانەی کە دژایەتیی ڕامیارییەکانی سەرکردایەتی دەکەن – دەستبەجێ ناڕەزایەتی ڕێکبخەن لە دژی ڕێککەوتنەکەی دەگەڵ ئەردۆغان و هەروەها ئەندامێتی ناتۆش.
چینی کرێکار هیچ قازانجێکی نییە لە پەیوەندیکردن بە ناتۆوە. تەنها پێبەستەکانمان بەهێز دەکات و دەبێتە هۆی کەرتبوونی چینایەتی زیاتر. ئێمە بەوەوە ئارامتر نابین. بە پێچەوانەوە، سوێد خەریکە دەخرێتە ناو ململانێیەکی ڕوولەپەرەی نێوان زلهێزەکاندا کە هەمیشە ئاشتی و سەلامەتی جێگەی خۆیان دەدەنە ڕاوکردنە ڕەشبینییەکەی قازانجدا. تاکە ڕێگا بۆ پێشەوە نێونەتەوەیێتیا، خەباتی چینایەتی – و شۆڕشێکی کۆمەڵاگرە بۆ لەناوبردنی ئەهریمەنە ئیمپریالیستییەکە یەکجارێک و بۆ هەمیشە