ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی ئەیلول، سەدان خۆپیشاندەر لە تونسی پایتەخت ڕژانە سەر شەقامەکان، ناڕەزایەتییەکان بەهۆی قەیرانی قوڵ و سەختی کۆمەڵایەتی و ئابوری، کە سەرتاپای وڵاتی گرتووەتەوە سەریان هەڵداوە. کرێکاران و هەژارانی تونس لە ژێر بەرداشی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و کەمیی خۆراکدا ئەهاڕدرێن، سەرجەم بارودۆخەکان وایانکردووە کە ژیان بۆ زۆرینەی خەڵک بەرگەنەگیراو بێت.
خۆپیشاندانەکانی ٢٥ی ئەیلول ئاماژەیەکن بۆ ئەو توڕەیی و بێزارییە بەرفراوانانەی کە لە هەناوی کۆمەڵگا بەجۆشهاتوون. لە ناوچەی هەژارنسینی (دوار هیشەر) لە تونس، خۆپیشاندەران بە شەقامی سەرەکیدا رێپێوانیان ئەنجام دا، هەندێک لە خۆپیشاندەرانیش وەک نمایشی بێزاری و توڕەییان تایەی ئۆتۆمبیلەکانیان سووتاند. بانەرەکان داخوازی هەلی کار و باشترکردنی بارودۆخی ژیان و دابەزاندنی نرخەکانیان ئەکرد. هاوکات خۆپیشاندەران دروشمگەلێکی وەک: "هەلی کار، ئازادی و شکۆی نیشتمانی"یان بەرزئەکردەوە. لە گەڕەکی مۆرناگ، یەکەی پۆلیسی ئاژاوەگێڕیی لەگەڵ ئەو گەنجانەدا بە یەکدا هەڵپژان کە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە توندو تیژی و دڕندەییەکانی پۆلیس ڕێگاکانیان داخستبوو.
سەرمایەداری تونس ساڵانێکی زۆرە لە بارودۆخێکی قەیراناوی قووڵدایە، بەڵام ناسەقامگیری و پشێوی بازاڕی جیهان کە بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە توندتر بووە، بارودۆخی ئابووری ئەو وڵاتەی بە شێوەیەکی بەرچاو خراپتر کردووە. قەیرانی سەرمایەداری تونس بەرەو ئاستێکی نوێ هەڵکشاوە، کە بە تەواوی ناتوانێت تەنانەت سەرەتاییترین پێداویستییەکانیش دابین و مسۆگەر بکات.
کەمی خۆراک
سەرۆک کۆمار، قەیس سەعید کە ساڵی ڕابردوو پەرلەمانی هەڵپەسارد و لە کودەتایەکدا دەسەلاتی لە کۆشک گرتە دەست، ماوەیەکە لە هەوڵدایە بەرپرسیارێتی کەمیی خۆراک لە خۆی دوور و ئەو سیستەمەی بەرگری لێدەکات دوور بخاتەوە. لەبری ئەمانە "گەمژەکاران" و "شاردنەوەی خۆپەرستانەی"ی ژمارەیەک بازرگان تاوانبار کردووە، کە گوایە لە هەندێک کەرتدا "قۆرخکارییان "کردووە. هیچ گومانی تێدا نییە گەمژەیی و شاردنەوە لەلایەن نوخبە مشەخۆرەکانەوە دۆخەکەی هێندەی تر خراپتر کردووە، بەڵام کێشەکان زۆر لەوە قووڵترن: تا دەگاتە قوڵایی ناخی سەرمایەداری تونس.
تونس پشت بە هاوردەکردنی خۆراکە سەرەکییەکان ئەبەستێت و هەربۆیە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە ئاستی جیهانیدا کاریگەرییەکی زۆری لەسەرە. ئەم بارودۆخە وایکردووە وڵاتەکە نەتوانێت پارەی هاوردەکردنی چەند کاڵاو شمەکێکی سەرەکی خۆراک دابین بکات. لە مانگی ئایاردا، چوار کەشتی دانەوێڵە لە بەندەری سفاکس بۆ ماوەی لانیکەم مانگێک رێگرییان لێکرا بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتداران بێتوانا بوون لە دانی باجەکانیان. کورتهێنانەکانی خۆراک دەرکەوتنی قەیرانی ئابووری جددی تونس و لاوازبوونی هێزی خەرجکردنی دەوڵەتەکەیەتی. لەگەڵ کەمبوونەوەی خۆراکە سەرەتاییەکان، کرێکاران و هەژاران ناچارن چەندین کاتژمێر بە دوای پێداویستییە بنەڕەتییەکانی وەک شەکر، شیر، کەرە، ڕۆنی چێشتلێنان و برنجدا بگەڕێن.
کورتهێنانەکانی خۆراک بووەتە دیمەنی نائومێدی لە مارکێت و نانەواخانەکانی سەرتاسەری وڵات، کە بەشەخۆراکی کەم و بەتاڵی ڕەفەکان بوونەتە شتێکی ئاسایی. لە دیمەنی ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت کڕیارەکان لەناو مارکێتێکدا بەدوای کیسەی شەکردا ئەسوڕێنەوە. ئەم کورتهێنانانەی خۆراک لە ئێستا لە سەرووی دۆخێکی نەخوازراو و تاریکەوە کە بوونی هەیە دێت. . لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ەوە 55%ی خەڵکی تونس ڕایانگەیاند دووچاوری نائاسایشی خۆراک بوون و هەر لەو کاتانەوە دۆخەکە هەر خراپترو خراپتر بووە.
چەقبەستوویی سەرمایەداری تونس زۆرێک لە گەنجانی ناچار کردووە وڵات بەجێبهێڵن لە پێناو ڕزگاربوون لە ژیانی هەژاری و بێکاری. ئەو ڕێگایەی کە پێی دەوترێت ڕێڕەوی کۆچی دەریای ناوەڕاست، کە لە تونسەوە بەرەو ئیتاڵیا تێدەپەڕێت،کە لە نێوان جەنیوەری تا تەمووزی ئەمساڵ لە لایەن 42,500 کۆچبەرەوە گیراوەتە بەر – کە زیادبوونی ڕێژەی 44 % ە لە چاو هەمان کات و ماوەی ساڵی پار. هەر ئێستا تونسییەکان گەورەترین گروپی ئەو کۆچبەرانە پێکئەهینن کە ئەگەنە ئیتالیا. لە کاتێکدا نرخی خۆراک ڕۆکێتئاسا هەلکشاوە، جەماوەری خەڵک بەهۆی ئاستی گشتی هەڵاوسانەوە کە لە ئێستادا ٩%ە، فشاری بارودۆخەکەیان لەسەرە. لە سەرووی ئاستی بەرزی هەڵاوسانەوە، لە سەرەتای مانگی ئەیلول حکومەت نرخی بوتڵی غازی چێشتلێنانی بە ڕێژەی لەسەدا ١٤ و سووتەمەنی بە ڕێژەی لەسەدا ٣ بەرزکردەوە. بەرزبوونەوەی نرخی غاز و سووتەمەنی لەلایەن قەرزدەرە نێودەوڵەتییەکانی تونسەوە پێشنیازکرا، کە ئەوانیش سندوقی دراوی نێودەوڵەتییە، کە چەند مانگێکە لەسەر پێدانی دەرفەتەکانی رزگارکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تونس دانوستان دەکەن.
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و داڵەکانی تر
ئابووری تونس بە قووڵترین قەیرانی ئابووریدا تێدەپەڕێت. پێشبینی دەكرێت كورتهێنانی بودجەی دەوڵەت بۆ ساڵی 2022 ببێتە 9.7%ی کۆی داهاتی بەرهەمی ناوخۆیی، بەهای دراو لە دابەزیندایە و پێشبینی دەكرێت قەرزی گشتی تا كۆتایی ساڵ بگاتە 82.6%ی کۆی داهاتی بەرهەمی ناوخۆیی. لە دوای ئۆکرانیا و ئەلسەلڤادۆر، تونس لە ئاستی سێهەمین وڵاتی لیستی سەرەکی مۆرگان ستانلیدایە کە ئەگەری زۆرە لە پێدانەوەی قەرزەکانیان شکست بێنن.
سەختی قەیرانی ئابووری وایکردووە حکومەتی تونس بەهیوای دەستەبەرکردنی قەرزی دراوی نێودەوڵەتی بە بڕی چوار ملیار دۆلار ڕوو لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بکات. بەڵام قەرز لە داڵەکانی نێو سندوقی دراوی نێودەوڵەتی هەمیشە لەگەڵ مەرجدا دێت. سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، خۆپارێزییەکی توند پەیرەو دەکات، وەک هەڵپەساردنی کرێی کەرتی گشتی و دامەزراندنی کارمەند و بڕینی پیتاک، یارمەتیدان و هاوکارییەکانی خۆراک و وزە. ئەم ڕێکاری لەخۆگرتنەوانە (سکهەڵگوشین) هێرشێکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر کرێکاران و هەژاران، بۆ دانەوەی تەواوی شکستی سیستەمەکە ئەنجام ئەدرێن.
جێگای سەرسوڕمانە، قەیرانی ئێستای سەرمایەداری تونس بە تەواوی بەهۆی سیاسەتی سەپێندراوی سکهەڵگوشین لە لایەن سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە چڕتر بووەتەوە. لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا چەندین حکومەتی دوای یەک لە ('ئیسلامی' و 'عەلمانی' بە هەمان شێوە) سیاسەتی داخوازی قەرزیان لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پەیڕەو کردووە، کە هەمووشیان بە ڕیزێک لە پابەندبوون و ڕێکاری قورسەوە هەنگاویان ناوە کە هاوپێچکراون بە : کەمکردنەوەی خەرجییە گشتیەکان، بە تایبەتکردنی کۆمپانیاکانی سەر بە دەوڵەت، هەڵگرتنی هاوکاری و یارمەتییەکانی سەر بەرهەمە سەرەتاییەکان، و دەرکردنی بەکۆمەڵ لە کرێکارانی کەرتی گشتی.
ئەم سیاسەتانەی ڕابردوو تەنها ناجێگیری و ناسەقامگیری ئابوورییان لە تونس زیاتر توندتر کردووەتەوە، و داگیرکاریی وڵات لەلایەن ئیمپریالیزمەوە و ملکەچکردنیان قووڵتر کردووەتەوە. قەرزەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەبری ئەوەی دەوڵەتە لاوازەکان لەڕووی ئابوورییەوە سەقامگیرتر بکەن، وڵاتانێکی هاوچەشنی تونس لە هەژاریدا دەهێڵنەوە و داگیرکاریی ئیمپریالیزمی جیهانیی لە ڕێگای قەرزی نەدراوەو هەمیشە ڕوو لەسەر درێژە پێئەدەن.
دوایین جار حکومەتی تونس هەوڵیدا هاوکاری و یارمەتی خۆراک لاببات، وەک ئەوەی لە لایەن سندوقی دراوی نێودەوڵەتی داواکرابوو، ڕاپەڕینێکی لێکەوتەوە کە بە ڕووداوەکان یان ڕاپەڕینی نان لە ساڵی ١٩٨٤ ناسراوە. لە سایەی هەلومەرجە کۆمەڵایەتییە نائومێدبەخشەکانی ئێستا، ڕێکارەکانی هاوشێوەکانی ئێستا بە ئەگەرێکی زۆرەوە بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری لە دژی ڕژێمی قەیس سەعید و تەواوی سیستەمەکە بەجۆش دێنێت.
پێویستی ڕابەرایەتییەکی شۆڕشگێڕانە
سەرمایەداری سەلماندوویەتی کە بە تەواوی بێتوانایە لە دابینکردنی هیچ داهاتوویەک بۆ کرێکاران و گەنجانی تونس. چینە دەسەڵاتدارە لاوازەکەی بە تەواوی پشتی بە سەرمایەی دەرەکی بەستووە، نەیتوانیوە سەرەتاییترین داواکارییەکانی شۆڕشی ٢٠١١ جێبەجێ بکات: پێشکەوتنی ئابووری و مافە دیموکراسیەکان. لە جێگەیدا،ئەمڕۆ جەماوەری تونس ڕووبەڕووی برسێتی و ڕژێمە ستەمکارەکەی قەیس سەعید ئەبێتەوە کە لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتی زۆرینەی دەوڵەتی لە چنگیدا چڕکردووەتەوە.
سەرجەم سیستەمەکە داماڵراوە. ئەوەی کە تەنها لە سەدا ٣٠ی دانیشتووان بەشدارییان لە ڕیفراندۆمی دەستووری مانگی تەمموزدا کرد، نیشاندەری فاکتی ڕەتکردنەوەی بەرفراوانی قەیس سەعید و هاوکارەکانی دەخاتە ڕوو، کە پێکەوە لەگەڵ هاوپشتیوانە بیانییەکانیانیدا جەماوەری تونس دەخنکێنن. هەلومەرجی کۆمەڵایەتی بەرگەنەگیراو توڕەیی و ڕقێکی سووتێنەر بۆ نوخبەکانی نیشتمان دروست ئەکات. ناڕەزایەتییە خۆبەخۆکانی ڕۆژی یەکشەممە ڕەنگدانەوەی ئەم بێزاری و توڕەیییە کەڵەکەبووەیان نیشاندا. درەنگ یان زوو ئەم بێزارییە کەڵەکەبووانە دەرچەیەک ئەدۆزنەوە، هەروەک چۆن لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیدا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١دا ئەنجامیان دا.
لەسەر ڕێرەو و بنەمای سیستمی سەرمایەداری هیچ ڕێگایەک ڕووەو پێشەوە بوونی نییە. کرێکاران و لاوان تەنها لە ڕێگای بەئامانجگرتنی ڕەگ و ڕیشەی سەرجەم کێشەکانیان، کە خودی سیستەمی سەرمایەدارییە ئەتوانن لەپێناو بەرژەوەندی زۆرینە، کۆمەڵگا بگۆڕن. جەماوەری خەڵک ئەبێت لەڕێگای بە نیشتمانیکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، لەژێر کۆنترۆڵی دیموکراسی و ئیدارەی چینی کرێکار، دەسەڵات بگرێتە دەست. تەنیا لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانرێت دەستبەجێ گوشارترین کێشەکانی نێو کۆمەڵگا چارەسەر بکرێن.
وانەکانی ١١ ساڵی ڕابردووی خەباتی نەبڕاوەی چینایەتی نیشانمان ئەدەن کە ئەگەر جەماوەری تونس بیانەوێت بوونێکی شکۆمەندانەیان هەبێت ئەوا پێویستیان بە ڕابەرایەتییەک هەیە کە توانای ڕابەرایەتیکردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی داهاتووی بەرەو بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات هەبێت. بۆیە ئەرکی گەنجان و کرێکارانی تونس بریتییە لە لێکدانەوەی ئەزموونەکانی قۆناغی ڕابردوو، و بنیاتنانی ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕانە، کە ڕەگ و ڕیشەی لە نێو چینی کرێکاردا داکوتابێت، پێش ئەوەی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی داهاتوو سەرهەڵبدەن.
سەرچاوە : لە بەرگری مارکسیزمدا